دەیەوێت هەموو قورئان بە خەتی سولس بنوسێتەوە
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
دانا دارای خۆشنوس تەمەن 35 ساڵ هەر لە منداڵییەوە دەستوخەتی زۆر جیاواز بووە لە منداڵەکانی هاوڕێی، لە قوتابخانەیەکی کەرکوک لەتەمەنی حەوت ساڵییەوە تائێستا کاری خۆشنوسی دەکات.
دواتر دوکانێکی بچوکی خۆشنوسی دادەنێت کاری لافیتە نوسین دەکات وردە وردە کارەکانی دەبێتە جێگای سەرنجی خەڵک و پەرە بەکارەکەی دەدات چونکە ئەو خەتەی ئەو پێی دەنوسێت خەتی سولسە واتا ئەو خەتەی قورئانی پێنوسراوەتەوە.
ماوەی سێ ساڵە بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان دەکات لە هەریەک لە وڵاتەکانی ئێران، تورکیا، ئیمارات و سعودیە، وێنەکانی لەو وڵاتانە و لە شوێنە گشتییەکان هەڵواسراوە.
دانا دەشڵێت، “ئێستا پەرەم بەکارەکەم داوە خەت و وێنەم ئاوێتەی یەکتر کردووە، زۆر لەماڵەکان وێنەی منی تێدایە و لە پلانمدایە هەموو قورئان بە خەتی سولس بنوسمەوە”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی