"دەتەوێت لە دەرەوە بخوێنیت"
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرفەتی خوێندنی دکتۆرا و ماستەری راگەیاند
964+
فەرمان سادق
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، فەرمانباران و مامۆستایان ئاگادار دەکاتەوە کە دەرفەتی خوێندنی ماستەر و دکتۆرایان لە وڵاتی کۆریای باشوور هەیە.
دەرفەتی خوێندنەکە لە چوارچێوەى هەماهەنگی وەزارەتی پلاندانان و سەنتەری لێکۆڵینەوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی کۆریای باشوور (KDI School)ـە.
ئەوانەشی ئارەزووی خوێندنیان هەیە دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن بۆ زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرای لە بوارەکانی سیاساتى گشتى، سیاسەتەکانى پەرەپێدان و بەڕێوەبردنى گشتى لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریای باشوور، دەرفەتەکەش تاوەکو 19.4.2023 کرایەوە.
بۆ ئەوانەی دەیانەوێت داواکاری پێشکەش بکەن ئەوا دەتوانن لە رێگای ئەم لینکەوە مەرجەکان پڕ بکەنەوە و داواکاری پێشکەش بکەن (www.kdischool.ac.kr/admissions).
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 10.4.2023، لە راگەیەندراوێکدا لە ماڵپەڕی وەزارەت زەمالەکەی راگەیاندووە.
مەرجەکانی پێشکەشکردن بۆ ماستەر:
• پێشکەشکار پێویستە فەرمانبەر یان مامۆستا بێت.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە 65% کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لەهەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیریی دارایی دەکرێت.
مەرجەکانی پێشکەشکردن بۆ دکتۆرا:
• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یا مامۆستا بێت.
• پێشکەشکار دەبێت بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە، بەڵام بۆ دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی دەبێت بە لایەنی کەم (5) ساڵ خزمەتی هەبێت.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (70%) کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیریی دارایی دەکرێت.