سلێمانی میوانداریی گردبوونه‌وه‌ی دووه‌می باله‌ی عێراق ده‌كات

964+
یادگار محه‌مه‌د – سلێمانی

لە سلێمانی یارییەکانی گردبوونه‌وه‌ی دووەمی قۆناغی كۆتایی خولی بالەی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و چوار یانه‌ تێیدا به‌شدارن.

بڕیارە شەوی دووشەممە 10.4.2023 لە هۆڵی ئەندازیار ئەحمەد لە شاری سلێمانی و بە بەشداریی هەریەک لە یانەکانی “پێشمەرگەی سلێمانی، هەولێر، غازی باشوور و شوڕتە” رکابەرییەکانی گردبوونه‌وه‌ی دووەم له‌ قۆناغی كۆتایی خولی بالەی یانە نایابەکانی عێراق دەستپێبکات.

گردبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م لە شاری بەسڕە بەڕێوەچوو، هەروەها گردبوونه‌وه‌ی سێیه‌م بڕیاره‌ له‌ هه‌ولێر و گردبوونه‌وه‌ی كۆتاییش له‌ به‌غدا ده‌بێت.

جەمال حاجی رەشید، سەرۆکی فیدراسیۆنی بالەی کوردستان به‌ تۆڕی 964ی راگەیاند، “ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ میوانداریكردنی یارییەکان هەر لە دابینکردن و ئامادەکردنی هۆڵ و بەشداریپێکردنی ناوبژیوانانی کوردستان لە بەڕێوەبردنی یارییەکاندا”.

دوای به‌ڕێوه‌چوونی گردبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌، یانەی غازی باشوور بە کۆکردنەوەی 40 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندی گرتووه‌، یانه‌ی شوڕته‌ بە 38 خاڵ لە پلەی دووەمدایه‌  و به‌ 33 خاڵیش یانەی پێشمەرگە لە پلەی سێیەمه‌، هه‌روه‌ها یانه‌ی هەولێر بە 29 خاڵ لە پلەی چوارەمه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا