ئەو رۆژەی پەیکەرەکەی سەدام رووخێنرا
ئەمڕۆ ساڵیادی کۆنترۆڵکردنی بەغدایە لەلایەن ئەمریکا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەمڕۆ 9ی نیسان، 20 ساڵی تەواو تێپەڕ دەبێت بەسەر کەوتنی رژێمەکەی سەدام حسێن، بەڵام هێشتا بەتەواوی نهێنییەکانی ئەو رۆژانە ئاشکرا نەبوون.
دوایین زانیاری باس لەوە دەکات ئەو کاتە هێزەکانی ئەمەریکا لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەغدا پەیکەرەکەی سەدام حسێنیان خست، سەدام خۆی لەو گۆڕەپانە نزیک بووەو بە چاوی خۆی ئەو دیمەنەی بینیوە، شەوی دوای ئەوە چووەتە هیت و ئینجا چووتە فەلووجە.
هەموو ئەم زانیارییانە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە زاری کەسێکی نزیک لە سەدامەوە باسیکردووە.
لە رۆژی 9.4.2003، لە دوای کۆنترۆڵکردنی بەغدا، پەیکەرە برۆنزییەکەی سەدام حوسێنی دیکتاتۆری عێراق لە گۆڕەپانی ئەندەلس هێنرایە خوارەوە و ئەمریکییەکان پەیکەرەکەیان بە زنجیر بەستا و تێکیان شکاند.
تێکشکاندنی پەیکەرەکەی سەدام بوو بە ھێمای کەوتنی بەغدا و کوتاییھێنان بە دەسەڵاتی رژێمی بەعس.
لە 20ی ئاداری 2003دا، ئەمریکا یەکەم هێرشی ئاسمانی بۆسەر عێراق دەستپێکرد و لە 21ی ئاداردا سەرەتای دەستپێکردنی “ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی عێراق” راگەیەندرا.
تەنیا لە یەک رۆژدا، فڕۆکەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ھەزار بۆردومانی ئاسمانیان ئەنجام دا، کە مووشەکی جۆری کروزی تێدا بەکارھێندرا، ھاوکات بۆردومانی چڕ لە دەوروبەری بەغدا و شارەکانی کەرکووک و موسڵ و بەسڕە ئەنجامدرا.
بە پێی داتاکانی ھەردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و بەریتانیا، 139 سەربازی ئەمریکا و 33 سەربازی بەریتانیا کوژران و زیاتر لە حەوت ھەزار و 300 مەدەنی عێراقی لەو جەنگەدا کوژران.