ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیاره ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق ده‌بێت.
تۆڕی 964 ده‌زانێت، ئەمڕۆ شەممە 8.4.2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و له‌وێ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر چوار سه‌رۆكایه‌تی “كۆمار، په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری” ده‌بێت.
هه‌روه‌ها بڕیاره سه‌رۆكی هه‌رێم به‌شداریی دوو رێوڕه‌سمیش بكات، ئه‌وانیش یادی 42 ساڵەی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر و ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر سەدر.
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، دوای ئه‌وه دێت هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا رۆژی چواری ئه‌م مانگه له باره‌ی هه‌ناردنه‌كردنه‌وه‌ی نەوتی کوردستان رێككه‌وتنێكی كاتی‌یان واژوو كرد.