"یەكێكیان دەبێتە كاندیدی یەدەگ"

هەڵبژاردن كۆتایی هات و هیچ كوردێك دەرنەچوو

964+

كوردستان ئەحمەد – هەولێر
هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی فینلاند كۆتایی هات، هەرچەندە سێ كورد كاندید بوون بەڵام هیچكامیان دەرنەچوون.

سێ پەرلەمانتار لەسەر سێ حزبی جیاوازی فینلاند كاندید بوون، هەرچەندە ئەگەری دەرچونی یەكێكیان هەبوو بەڵام هیكامیان دەرنەچوو.

هەریەكە لە شیرین نامیق، گەشاو بیبانی و شەیدا سوهرابی، كە خەڵكی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستانن كاندید بوون بۆ ئەندامی پەرلەمانی فینلاند، بەڵام نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ سەركەوتن بەدەستبهێنێن.

لێرە دەتوانیت لەبارەی سێ كاندیدەكەوە هەواڵێك بخوێنیتەوە

تەنیا شەیدا سوهرابی نەبێت کە بووەتە كاندیدی یەدەگ، چونكە دەنگەكانی زۆرن واتە لە هەر ئەگەرێكدا پەرلەمانتارێك لەكارەكەی نەمێنێت، شەیدا دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی فینلاند.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی فینلاند دوێنێ یەكشەممە ئەنجامدرا و دوو هەزار و 424 كاندید ركابەری بەدەستهێنانی 200 كورسییان دەكرد، زیاتر لە شەش ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو.

ئەنجامی دەنگەکانی پارتە سەرەکییەکان بەم شێوەیەن:
پارتی هاوپەیمانی نیشتمانی راستڕەوی ناوەڕاست 20.8٪ـی دەنگەکان.
پارتی فینلاندییە راستڕەوەكان 20.1٪ دەنگی بردۆەتەوە.
پارتی سۆشیال دیموکرات 19.9٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

مەجید حەقی، چاودێر و چالاكوانی كورد لە فینلاند بە 964ی راگەیاند: هەڵبژاردنەكە گرنگیەكی گەورەی بۆ خەڵكی فینلاند هەیە، چونكە لەم هەڵبژاردنەدا زۆرترین گۆڕانكاری لە وڵاتەكەدا دەكرێت.

فینلاند، وڵاتێكی پەرلەمانییە و چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، هەر پارتێك بتوانێت %20ی دەنگەكانی ئەو وڵاتە بەدەستبهێنێت دەبێتە براوە.