کاپتنی هێلیکۆپتەرەکە لەسەر رووداوەکەی 150 مەتری قسە بۆ 964 دەکات

 964+

فەرمان سادق

بۆ یەکەمجارە هێلیکۆپتەر دەستبەجێ بگاتە شوێنی رووداوێکی هاتوچۆ لە هەولێر، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ـی وت، هەلیکۆپتەرەکە بریندارەکانی نەگواستەوە.

کاتژمێر 3:30ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 1.4.2023، رووداوێکی هوتوچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامی 150 مەتری لە نزیک بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، بەهۆیەوە دوو شوفێر بریندار بوون.

هاودەمی رووداوەکە، هێلیکۆپتەرێکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لە ئەرکدا بووە، کاتێک رووداوەکە دەبینێت دەستبەجێ دەنیشێتەوە بە مەبەستی گەیاندنی بریندارەکان بە نەخۆشخانە.

مقەدەم ئاراس مەحمود، ئەفسەری فڕۆکەوانی کە کاپتنی هێلیکۆپتەرەکە بووە دەڵێت: کە دیمەنی رووداوەکەم بینی، یەکسەر بڕیاری نیشتنەوەم دا بۆ بە فریاکەوتنی بریندارانی رووداوەکە، بەڵام کاتێک بریندارەکانمان بینین رەوشی تەندروستییان جێگیرە و هیچ مەترسیان لەسەر نییە، بڕیارماندا لەوێ بمێنینەوە تاوەکو ئامبوڵانسی تەندروستی دەگات.

مقەدەم ئاراس مەحمود، ئەو قسانەی بۆ ئەفسەرێکی هاوڕێی کردووە.

“کاتێک ئامبوڵانس گەیشت و بریندارەکانی برد بۆ نەخۆشخانە، ئێمەش رۆیشتین”. سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەو زانیارییانەی لە زاری کاپتنی هێلیکۆپتەرەکە بە 964 دا.

دوای رووداوەکە، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بێت کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، کە لەلایەن دەیان هاوڵاتی سڤیل ڤیدیۆکان تۆمار کراون، وەها نیشانی دەدات کە بریندارەکان بە هێلیکۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی وت، پۆلیسی هاتوچۆ مامەڵە لەگەڵ رووداوی هاتوچۆ دەکات، مەسەلەی هێلیکۆپتەرەکە هێندەی بزانین هیچ پەیوەندی بە رووداوەکەی هاتوچۆ نەبووە، تەنانەت بریندارەکانیشی نەگەیاندۆتە نەخۆشخانە.