گەنجێک کولێرەی گەرم بە ماتۆڕ دەباتە گوندە دوورەدەستەکان

964+
مەجید بتوێنی

هاوکار ماوەی حەوت ساڵە شەوانی رەمەزان نان و کولێرە و سەمونی گەرم بە ماتۆڕسکیل دەباتە گوندە دوورەدەستەکان بۆ خوانی رۆژووانان.

هاوکار ئازاد گەنجێکی دانیشتوی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە لە ئیدارەی راپەڕین، ماوەی حەوت ساڵە شەوانی رەمەزان بە ماتۆڕەکەی دەچێتە گوندە دوورەدەستەکان و سەمونی گەرم دەفرۆشێت.

هاوکار خێزاندارە و دەڵێت، “بژێوی ژیانی لەسەر ئەو کارەیە شەوانە 10 بۆ 15 هەزار دینار قازانج دەکات و کارەکەی زۆر خۆش دەوێت و هۆگری بووە بەردەوام دەبێت تا مانگی رەمەزان تەواو دەبێت، پاشان بەیانیان سەموون پێشکەشی گوندنشینان دەکات”.

هاوکار تەواو شارەزای رێگا دوور و کوچە و کۆڵانەکانی گوندەکانی دەڤەرەکەی بووە، هەرچەند کارەکە هەندێکجار مەترسی بۆ سەر ژیانی هەیە لە وەرگەڕانی ماتۆڕەکەی و کەوتنی بەڵام وازی لێناهێنێت.

شەوانە کاتژمێر 10ی شەو دوای ئەوەی لە نانەواخانەکان نان و کولێرە و سەمونی گەرم دەکڕێت، بەڕێدەکەوێت بۆ ئەو گوندە دوورەدەستانەی دەستیان ناگات بە سەمون و نانی گەرم و دوورە بازاڕن.

هاوکار چەند تەپەدورێکی لە پشتی ماتۆڕەکەی قایمکردووە و پڕیکردووە لە سەمونی گەرم، لە رێگەی بڵندگۆیەکەوە رۆژووانان خەبەر دەکاتەوە تا سەمونی لێ بکڕن.