لە پارێزگای دهۆک
بابەتەکانی سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان نەگەیشتووە
964+
عەمار عەزیز-دهۆک
ئەو سەبەتە خۆراکەی بڕیاربوو لە مانگی رەمەزان دابەش بکرێت، هێشتا لە پارێزگای دهۆک سەروسۆراغی دابەشکردنی نییە.
بەپێی زانیاری 964 تا ئێستا %65-ی ئەو بەشەخۆراکە گەیشتۆتە پارێزگای دهۆک.
نیهاد حوسێن، بەرێوەبەری دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی پارێزگای دهۆک، پشتڕاستی ئەو بڕەی کردەوە کە هاتووەتە ئەو پارێزگایە، بە 964-ی وت “تا ئێستا چوار بارهەڵگر شەعریە، پێنج بارهەڵگر ئاردی سفر و چوار بارهەڵگر نیشاستە گەیشتوون”.
بە وتەی نیهاد حوسێن، هێشتا هیچ بارهەڵگرێکی هێلکە نەگەیشتووەتە ئەو پارێزگایە و هیچ پارێزگایەکی دیکەی هەرێم، ئەوەشی وت “ئەو بەشە خۆراکەی ئێستا دابەش دەکرێت، هی مانگی شوباتە، تا رۆژی شەممە تەواو دەبێت، لە رۆژی یەکشەممەوە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی ئادار دەستپێدەکات”.
964 زانیویەتی لەو بەشە خۆراکەی بۆ مانگی رەمەزان هاتووە، بۆ هەر خێزانێک پێنج کیلۆ ئارد و تەبەقەیەک هێلکە، بۆ هەر کەسێک لە خێزان کیلۆیەک شەعریە و نیو کیلۆ نیشاستە دەدرێت.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگانەی پارێزگای دهۆک، لە بارەی هۆکاری دواکەوتنی ئەو بابەتانە، دەڵێت: “وەزارەتی بازرگانیی عیراق بەرپرسیاری دواکەوتنیەتی، ئێمە لێی بەرپرسیارنین”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی