هەنگەوانێک، هەنگوینی ٢٥ ساڵ پێش ئێستای پاراستووە
هەنگوینی کوردستان پاڵەوانی مۆندیالی جیهانە
میدیازان – رێژوان مامە – سلێمانی
+ڤیدیۆ
لەگەڵ ئەوەی لە تاقیگەکان هەنگوینی کوردستان باشترینی دنیایە، بەڵام هێشتا نەبووەتە هەنگوینێکی بازرگانی، هەنگەوانێکیش باس لە پاراستنی هەنگوینەکانی ٢٥ ساڵ پێش ئێستا دەکات.
ههنگهوانێكی كوردستان دهڵێت، ههنگوینی كوردستان باشترینه له ئاستی دنیادا، بهڵام دهڵێت بهرههمهێنان بهم ئاسته نییه رهوانهی دهرهوه بكرێت.
محەمەد رەفیق مەحموود، بۆ میدیازان ئاشکرای کرد کە لەساڵی 1997ـەوه تا ئێستا، هەموو ساڵێک کیلۆیەک لەو هەنگوینەی هەنگەکانی بەرهەمیان هێناوە، پاراستوویەتی و دەڵێ “ئەرشیفێکم لە هەنگوین هەیه”.
محەمەد رەفیق مەحموود، کە بە کاکە حەمە ناسراوە، دەرچووی بەشی کشتوکاڵەو ماوە سی ساڵ زیاترە خەریکی فرۆشتنی هەنگوینەو، ئەو کارەشی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە.
کاکە حەمە، هەنگوینی کوردستان بە باشترین هەنگوینی دنیا ناو دەبات، بۆ ئەمەش پشت بەو تاقیکردنەوەیە دەبەستێت کە ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەڵمانیا کراوەو، کۆمەڵەی پیشەوەرانی هەنگوینی کوردستان، کە کۆمەڵەیەکی سەربەخۆیە، بە هەنگوینی کوردستان بەشداری مۆندیالی هەنگوینی کردووە.
کاکە حەمە، كه خۆی ساڵانە دوو بۆ دوو تۆن و نیو بەرهەمی هەنگوینی هەیە، دەڵێ بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی پیشەوەرانی هەنگوین بێ، ساڵانە زیاتر لە هەزار تۆن هەنگوین لە کوردستان بەرهەم دێت، بەڵام “هێشتا نەبووەتە هەنگوینێکی بازرگانی تا رەوانەی بازاڕەکانی دنیا بکرێت، ئەگەرچی بۆ دیاری خەڵک هەیە دەیباتە ئەوروپا”.
میدیازان دەزانێت، هەنگوینی شاخ و ئەسڵ کە باشترین جۆری هەنگوینە، بەوە دەناسرێتەوە کە بۆنێکی تیژی هەیە و تامیشی زۆر خۆشە.
كاكه حهمه، باس لە جیاوازی کردن لەنێوان هەنگوینی ئەسڵ و ساختە دەکات، دەڵێ هەنگوینی ئەسڵ بە بۆنە تیژەکەی و شانەکەی دەناسرێتەوە، بەڵام هەنگوینی هاوردە شانەی نیەو هی ساختەش شەکر دراوەتە هەنگەکە.