زیاتر لە 50 ساڵە دەرزی و داوەکەی بەدەستەوەیە

964+
راژان باجەلان – خانەقین

هەلاجی یەکێکە لە پیشە هەرە کۆنەکان لە کوردستان، بە تایبەتی لە خانەقین و دەوروبەری خەڵکێکی زۆر هەن کە لە باوانەوە پیشەکەیان بۆ ماوەتەوە و نەبیل هەلاج یەکێکە لەوان.

نەبیل خاوەنی یەکێکە لە کۆنترین دوکانەکانی خانەقین و شوێنەکەی دەکەوێتە کوچەیەکی تەسکی تاریکە بازاڕی شارەکە.

وەکو خۆی باسی دەکات، لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە دەرزی و داوی هەلاجی بە دەستە بچوکەکانی گرتووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

ئێستا نەبیل تەمەنی 59 ساڵە و دەم و چاوێکی پڕ بە خەندەیە و بە کەسێکی قسەخۆش لە بازاڕەکەدا ناسراوە، توانیویەتی بەم هەڵسوکەوتە سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی رابکێشێت.