داهاتی حکومەت بۆ سلێمانی وەک خۆیەتی
964+
بڕی ئەو داهاتەی کە مانگانە لەلایەن حکومەتەوە بۆ خەرجیەکانی پارێزگای سلێمانی دیارکراوە، هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە و وەک خۆی ماوەتەوە.
ئەم زانیاریانە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی داراییدا هاتووە، کە بە وتەی خۆیان روونکردنەوەیەکە بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە دیارنەمانی 400 ملیار دینارەکەی بەغدا دەکەن.
وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، “ئەو رێژەیەی مانگانە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم بۆ سلێمانی خەرجکراوە و خەرجدەکرێت ھیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەھاتووە.”
موچەی مانگی ئازار بەبێ کێشە دابەش دەکرێت
وەزارەتەکە دەشڵێت، “400 ملیار دینارەکە تەنھا بۆ مووچە ھاتووە و بۆ ھیچ بابەتێکی تر خەرجناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.”
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، 400 ملیار دینارەکە بۆ مووچەی مانگی شوبات تەرخان کراوە، چونکە لە ئەو مانگەدا داهاتی نەوت کەمبووە و تەنیا 340 ملیار دیناریان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە بەدەست گەیشتووە.