وەزارەتی دارایی:

400 ملیارەکە کورتهێنانی مووچەی پڕکردۆتەوە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە لەچەند دەزگایەکی راگەیاندن بڵاوکراونەتەوە لەسەر شێوازی خەرجکردنی ئەو 400 ملیارەی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی ناردووە.

بەگوێرەی رونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی کە لە چوار خاڵ خراوەتە روو، ئەو هەواڵانەی لەچەند دەزگایەکی راگەیاندن لەبارەی شێوازی خەرجکردنی ئەو پارەیە بڵاوبۆتەوە راست نییە.

چەند رۆژێکە بەشێک لە دەزگا راگەیاندنەکان ئەوەیان بڵاوکردوەتەوە گوایە ئەو 400 ملیارەی لە بەغداوە هاتووە، حکومەتی هەرێم لەبری قەرز داویەتیەوە.

لە رونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی ئەوە هاتووە ” بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم ڕۆژی 14ی ئازار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو 400 ملیار دینارەکە، تەنیا بۆ مووچە هاتووەو بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت”.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی جەخت لەسەر ئەو بەشە بودجەیە کراوەتەوە کە مانگانە حکومەت بۆ شاری سلێمانی دەنێرێت.
هەروەها ئەوەش هاتووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، بۆ مانگی شوبات وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تەنیا 340 ملیار دیناری گەراندۆتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بەمجۆرە کورتهێنان دروست بووە و ئەو 400 ملیارە کورتهێنانی پێ پڕکراوەتەوە و ئەو بەشەی ماوەتەوە بە داهاتی ناوخۆ پڕ کراوەتەوە، ئەمەش بەگوێرەی رونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی.

پێشووتر لە 25.1.2023 لەسەر سکاڵایەکی مستەفا سەنەد دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان راگرت، بەڵام رۆژی 13ی ئادار وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 400 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان.