بەهۆی سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ
سەرۆک کۆماری عێراق: رووبەڕووی قەیرانێکی ئاوی بێوێنە بوینەتەوە
964+
پشکۆ مستەفا
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.3.2023، عەبدولەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی قەیرانێکی ئاوی بێوێنە بووەتەوە، هوشداریشیدا لەوەی کە ئەم قەیرانە دەبێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی خۆراک و بووەتە هۆی ئاوارەبوون کۆچی بەکۆمەڵ بە رێژەیەکی ترسناک.
لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاو کە لە نیویۆرک بەسترا، سەرۆکی عێراق رایگەیاند “سەرچاوە ئاوییە سەرەکییەکان بەردەوامە لە دابەزین بەهۆی سیاسەتی ئاوی پەیڕەوکراوی وڵاتانی دراوسێ”، جەختی لەوە کردەوە کە “بەردەوام بوونی وشکە ساڵی مەترسی لەسەر خەڵک و ئابووری وڵات دروستدەکات”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە کەمبوونەوەی ئاو مەترسییەکی گەورە بۆ سیستمی کشتوکاڵ و ئیکۆسیستم و سەقامگیری کۆمەڵایەتی عێراق دروستدەکات.
هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ قەیرانی ئاو، پێشبینی ئەوەشی کرد کە کە لەدەیەی داهاتوودا پێوسیتی ئاوی عێراق بەهۆی زیادبوونی دانیشتوانەوە زیاتر دەکات.
جێگەی سەرنجە عێراق بە قەیرانێکی سەختی ئاوەوە دەناڵێنێت، کەتیایدا هەردوو وڵاتی “ئێران و تورکیا” بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنیان بە بەردانەوەی پشکی ئاوی عێراق دەزانرێت، دەساڵاتدارانی عێراق زیادبوونی ئەم قەیرانە بۆ گرتنەوە و گۆڕینی رێرەوە ئاوییەکانی ئێران و دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیا دەگەڕێنێتەوە.