تورکیا رەزامەندی نیشاندا لە بەردانەوەی ئاوی روباری دیجلە
964+
پشکۆ مستەفا
دوای کۆبونەوەکەی نێوان سودانی و ئەردۆگان، تورکیا رەزامەندیداوە لەسەر بەردانەوەی ئاوی روباری دیجلە بۆ دوو هێندە بەرەو عێراق.
لە سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە، ئەمڕۆ سێشەممە 21.3.2023 محەمەد شیاع ئەلسودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری توررکیا کۆبونەوەیان ئەنجامدا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکیدا کە 964 کۆپییەکی بەدەستگەیشتووە، ئەوە هاتووە، لە دانیشتنەکانی نێوان سەرۆکی هەردوو وڵات، باس لە کۆمەڵێک پرسی ستراتیژی کراوە.
لە دانیشتنەکەی نێوانیان دۆسییەی ئاو تەوەرێکی گفتوگۆکان بووە، بڕیاردراوە ئاوی روباری دیجلە بەربدرێتەوە، ئەوەش هاتووە کە بۆ ماوەی مانگێک ئاوی روباری دیجلە بۆ دوو هێندە بەربدرێتەوە.
بەپێی بەیاننامەکەی نوسینگەی راگەیاندنی سودانی بێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ رێگەنەدانی هەر دەستدرێژییەک لە عێراقەوە بکرێتە سەر دراوسێکانی، بەهەمان شێوە رێگە بەهیچ دەستدرێژییەک نادرێت بکرێتە سەرخاکی عێراق.
رەجەب تەیب ئەردوگان، ستایشی هەڵوێستی عێراقی کرد، بەرامبەر بە قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا و پێزانینی بۆ ئەو یارمەتیانە دەربڕی کە عێراق رەوانەی تورکیای کردن.
لە هەمان کاتتدا سەرۆکی تورکیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دوپاتکردوەتەوە، لەگەڵ خواستی تورکیا بۆ پێشخستنی کاری هاوبەش لە پڕۆژەکانی گەشەپێداندا، کە ئەو هاوکارییە دووقۆڵییە بوارەکانی ئابوری و پەروەدە و تەندروستی و کشتوکاڵیش بگرێتەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی