"چاوەڕێی ئەو نمرە بەرزەمان لێدەکرد"

یەکەمی بەشی وێژەیی: خوێندنەکەم خستبووە پێش مۆبایلەکەم

میلاد جەلال – کەلار

دونیا سەلام، کچە خوێندکارێکی پۆلی 12ـی بەشی وێژەییە و ئەمساڵ لە تاقیکردنەوەکان بە کۆنمرەی 684 لەسەر ئاستی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

دونیا دانیشتووی قەزای کفرییە و لەبارەی کاتەکانی خوێندن و گرنگیدانی بە وانەکانی بە 964ـی وت، رۆژانە نزیکەی 10 کاتژمێر دەمخوێند و کۆششم دەکرد، مۆبایلەکەشم بەکاردەهێنا بەڵام خوێندنەکەم پێش دەخست.

سەلام عەبدوڵا و کوێستان عوسمان، دایک و باوکی دونیان و لەسەر ئەو نمرە بەرزەی کچەکەیان بەدەستیهێناوە دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و باسیان لەوەکرد، کچەکەیان زۆر بە خوێندنەوە ماندوو بووە بۆیە چاوەڕێی ئەو ئەنجامەیان لێدەکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.7.2026، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکدا، ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قوتابیانی بەشداربووی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانیەوە بۆ ساڵى خوێندنى 2025 – 2026 بڵاوکردەوە

بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵ 117 هەزار و 142 قوتابی لە دوو هەزار و سێ هۆڵدا، بە چاودێری 12 هەزار و 18 مامۆستا، بەشداری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـیان کردووە.