پۆلیسی کەرکوک و دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر پێکداهەڵپژاون و بریندار هەیە

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

کەمێک لەمەوبەر لە نزیک فولکەی ئیخوان لە گەڕەکی رەحیماوای کەرکوک، پۆلیسی نەهێشتنی مادەی هۆشبەر بۆسەی بۆ دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر داناوە و رووبەڕووبوونەوە روویداوە، بەگوێرەی زانیارییەکان ئەفسەرێکی پۆلیس و یەکێک لە بازرگانەکان بریندار بوون.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بە 964ی وت، هەر دوو بازرگانەکەیان دەستگیرکردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی، لە کاتی نزیکبوونەوەی بەرامبەر لە بۆسەکەیان، لەنێوان پۆلیس و یەکێک لە بازرگانەکانی مادەی هۆشبەر شەڕە تەقە روویداوە، لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی پۆلیس و بازرگانە تەقەکەرەکە بریندار بوون.

ئەفسەرە بریندارەکە ناوی (خزر شەفیق)ە و برینەکەی سەخت نییە، هەروەها برینی بازرگانەکەش بە هەمان شێوە سووکە.