رۆژێک زووتر تەڵە بۆ ماسی دانرا و داریش وشکیش دەبرێتە قوتابخانەکان

964+

ژووری هەواڵ

سبەینێ وەختی راوە، کەچی ئەمڕۆ بەو سبای ساڵحانە بەشێک لە ماسیگرەکانی دەڤەری راپەڕین چاوەڕێیان نەکرد و لەسەر زێی بچووک دەستیان بەڕاوی ماسی کرد.
ئەم بەیانییە زێی بچووک بەلەمی راوچییەکانی نەدەگرت، ئەگەرچی بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کۆتا رۆژی قەدەغەی راوەماسییە و لە سبەینێوە راو دەستپێدەکاتەوە.

هەر دارتاشەکان لێزان نین بۆ دروستکردنی کورسی و مێز و کەلوپەلی جوانکاری، ئەوەتا بۆ ئەوەی برەو بە کاری دەستی بدەن، بۆ لەمەودوا بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی داری وشک بۆ قوتابخانە پیشەییەکان دابین دەکات.

ئەوانەی دوێنێ زێڕیان کڕیوە، ئەمڕۆ بە 30 هەزار دینار خێر دەتوانن بیفرۆشنەوە، ئەوانەشی تازە بووک و زاوان مەگەر بە مسقاڵی کەمتر رێبکەون و زەواجەکەیان دەستپێ بکەن، نەک خەڵک زێڕنگەرەکانیش وایان لێ هاتووە، لە بەرز و نزمی نرخی زێڕ تێناگەن.

فەریکە نۆک لای عەلوەی سلێمانی هەڵڕژاوە و گورزەی بە 12 بۆ 13 هەزار دینار دەفرۆشرێ، جگە لە نۆکە حۆلە کوردییەکە، فەریکە نۆکی فەڕەنسی و مەکیسیشی لێیە.