فەرمانبەرانی نەوتی باکوور گردبووەنەوە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتی باکور داوا دەکەن پلەکانیان بەرزبکرێتەوە کە بەشێکیان زیاتر لە 10 ساڵە خزمەتیان هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتی باکور لە گەڕەکی عەرەفە و لە بەردەم بینای دەستەی کارگێڕی کۆمپانیاکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا لە دژی ئەوەی زیاتر لە 10 ساڵە خزمەت دەکەن لە بواری نەوت تائێستا پلە بەرزکردنەوە و شایستە دارایەکانیان بۆ خەرج ناکرێت.

بە وتەی خۆیان ژمارەی کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور چوار هەزار فەرمانبەرە.

تەها قەلەندەر، فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتی باکور بە تۆڕی 964ی وت، “بەشێک لە فەرمانبەرانی وەک من کە زۆرینەمان خزمەتی زیاتر لە 10 ساڵمان هەیە، کێشەی پلە بەرزکردنەوە و پێدانی شایستە دارایەکانی پلە بەرزکردنەوەمان هەیە”.

وتیشی، تەنیا پلە بەرزکردنەوەیان بۆ ببەسترێت، کێشەیان نیە ئەوەی ساڵانی رابردوو فەوتا بێت، بۆیە داواکارن ئیدارەی کۆمپانیا گوێ لە داواکارییەکانیان بگرێت و کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات.

تا کۆتایی هێنان بە گردبوونەوەکە هیچ نوێنەرێکی کۆمپانیای نەوتی باکور نەهاتە نێو خۆپیشاندەران و ویستوویانە تەنیا چاویان بە نوێنەری خۆپیشاندەران بکەوێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی