دهۆکییەکان 270 ملیار دینار قەرزاری دایرەی کارەبان
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
هاوڵاتیانی دهۆک 270 ملیار دینار قەرزاری دایرەی کارەبان، فەرمانگەی کارەبای دهۆکیش داوا لە خەڵک دەکات قەرزەکانیان بدەنەوە.
لە سەنتەری پارێزگای دهۆک نزیکەی 122 هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە، هاوکات لە تەواوی سنووری پارێزگاکەش نزیکەی 320 هەزار هاوبەش هەن و بەهەر هەموویان زیاتر لە 270 ملیار دینار قەرزاری دایرەی کارەبان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای دهۆک، وێڕای ئەوەی داوا لە هاوڵاتیانی شارەکە دەکات کە قەرزەکانیان بدەنەوە، هاوکات بۆ ئاسانکاری گەڕاندنەوەی قەرزەکەش، لە 12 قیست کردوویان بە 15 قیست.
ئەندازیار شاکر مەحمود، بەرێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دهۆک بە 964ی وت “قەرزەکانی کارەبا لەسەر هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە 270 ملیار دینار، پێش دوو مانگ هەر هاوڵاتیەک سەرووی 10 ملیون دیناری قەرزی لەسەر بووایە، ئەوا ئاگادار دەکرایەوە کە لە ماوەی سێ رۆژدا سەردانی فەرمانگەی کارەبا بکات تا پارەکەی بۆ بکەنە قیست، کۆی پارەکەش لەسەر 12 قیست دابەشدەکرێت”.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای دهۆک، لە ئێستادا هەر کەسێک دوو ملیون دینار قەرزار بێت ئاگادار دەکرێتەوە و ئاسانکاریشی بۆ دەکرێت پارەکە بە 15 قیست بداتەوە.
بە قسەی بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک بێت، دوای زیادکردنی قیستەکان ئێستا خەڵکێکی زۆر سەردانیان دەکەن بۆ دانەوەی قیستەکان.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق