مەملەکەتی خۆیەتی

سێ گوندی هەڵەبجە بۆن و بەرامەی گوڵیان گرتووە

964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

ئەتەوی بۆن و رەنگی جیاواز ببینی و بۆن بکەی؟، ئەگەر لە هەڵەبجەوە بەرەو خورماڵ، یان بە پێچەوانەوە بڕۆیت، یەکێک لە رێگاکان بە گوندەکانی گۆمەلار، خێڵی حەمە و تەپەکوڕەدا تێدەپەڕێت.

هەبوونی سەوزایی و گوڵ و گوڵزارێکی زۆر سەرنجت بۆ لای خۆی رادەکێشێت، زۆربەی ماڵەکانی ئەو سێ گوندە حەوشە و بەردەم ماڵەکانیان کردووەتە بە مەملەکەتی سەوزایی و گوڵ.

بەهار مەجید، دانیشتووی گوندی خێڵی حەمەیە و حەوشەکەی بە دەیان جۆر گوڵی رەنگاوڕەنگ رازاندووەتەوە قسەی بۆ 964 کرد و دەڵێ، لە مانگی دووەوە دەستدەکەین بە چاندنی گوڵەکان، هەرچەندە خزمەتکردنیان زەحمەتە و کاتێکی زۆرم لێدەبات، بەڵام چونکە خۆم زۆرم حەز لە سروشتەکەیە هیچ بێزار نابم و زۆر دڵم بەم گوڵانە خۆشە.

زۆربەی ماڵەکانی گوندەکە بەم جۆرەیە و تەنانەت هەر میوانێکیش بە بەردەم ماڵیشمانا تێپەڕ ببێت، لە گوڵەکان بێبەشی ناکەین و بۆ خزم و کەسوکار و ئازیزانیشیان دەکەن بەدیاری، ئەوە جگە لەوەی هەندێک لە گوڵەکان خۆیان دەیکڕن و دەڵێن، نزیکەی 12 هەزار دیناریان پێ دەدەن.

فارس ئەحمەد، دانیشتووی گوندی تەپە کوڕەیە و ماڵەکەی ئەویش پرێ گوڵ و گوڵزارە، ئەویش دەربارەی خزمەتکردنی گوڵەکانی وتی، چەن ساڵێکە خوومان داوەتە بەخێوکردن و رواندنی گوڵ، خۆم، هاوسەر، مناڵەکانیش بەردەوام خزمەتی ئەم گوڵانە دەکەین، بەشێک لە تۆو شەتڵی گوڵەکان کڕدراون و بەشێکی دیکەشیان لای دراوسێ و خزمان هێنراون.

لای ئەوان، گوڵ و درەختەکان جگە لەوەی دیمەنێکی جوانیان بەخشیوە بە ماڵ و گوندەکە، تەنانەت کەشوهەوای ماڵەکانی فێنک کردووە و وای کردووە کە هاوینانیش بەتینی خۆر نەگاتە ژوورەکانیان.

گوندەکانی گۆمەلار، خێڵی حەمە و تەپەکوڕە، سەر بە قەزای خورماڵن لە پارێزگای هەڵەبجە و دەکەونە سەر رێگەی خورماڵ بۆ هەڵەبجە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا