چیرۆک و هەواڵە تایبەتەکانی ئەمڕۆ
+964
ژووری هەواڵ
بۆ بەخشین و دەستگیرۆیى خەڵک، مەرج نییە خاوەن سەرمایە و پڕۆژەى گەورە بیت، هەندێ جار بە شتێکى کەم دەتوانیت کارێکى گەورە بکەیت، ئەوەتا ماوەى دوو ساڵە، كاسبكارێكی بازاڕی جەوازەكەی سلێمانی کە لەفەفرۆشێکى سەر عەرەبانەیە، دەرگای شوێنەكەی بۆ هەژاران واڵاكردووە و هەركەسێك پارەی پێ نەبێت بێ دڵی ناكات و لەفەی پێدەدات.
خاوەنی ئەم ماڵە لە هەولێر، نەک هەر ماڵەکەی خۆی، بەڵکو گەڕەکێکی سەوزکردووە، دیمەنەکە لە دوورەوە رێک وەک پارکێکی گەورەو سەوز خۆی دەنوێنێت.
ماڵەکە دەکەوێتە گەرەکى ئەندازیارانى هەولێر کە محەمەد نەجمەدین خاوەنییەتى و لەسەر ئەرکى خۆى نەک تەنیا ماڵەکەى بەڵکو شۆستە و شەقامى کۆڵانەکەى سەوز کردووە .
مادام هەر باسی سەوزاییە، ئەم هەواڵەش گرنگە.
تائێستا نزیکە نیو ملیۆن دار زەیتوون لە دەوروبەری هەولێر چێندراوە، ئەمە بەشێکە لە پرۆژەی ستراتیژی پشتێنەی سەوزایی.
سبەی جەژنی کرێکارانەو ئامارەکان دەڵێن حاڵی کرێکارانی کەرکوک هیچ باش نییە.
ئەمڕۆ لە کەرکوک یادی رۆژی کرێکاران پێشخراو لە باخچەی مامەڕیشە یادەکەیان کردەوە، لەوێ باسیان لەوە کرد کە لەماوەی 16 مانگی رابردوودا 25 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوەو 334 کرێکاری دیکە بریندار بوون.
سبەی هەینی بە گشتی کەش و هەوا لەبار دەبێت، ئەگەر بە نیازی گەشت و سەیرانن هیچ شتێکی ئەوتۆ نییە لێتان تێک بدات. پێشبینییەکانی کەش و هەوا وا دەریدەخەن پلەکانی گەرما هەندێ بەرز ببنەوە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان پەڵە هەورو کەمە بارانێک دەبێت.
ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان سەفرەیان بۆ قوتابییەکانیان رێکخستبوو، هەندێکیان هەر لە حەوشەی مەکتەبەکە سفرەیان راخستبوو کردبویانە سەیران، هەندێکی دیکەیان منداڵەکانیان بردبووە پارکە گشتییەکانی نزیک لە قوتابخانەکان، منداڵەکانیش تابڵێی کەیف ساز و دڵخۆش بوون.
بەشێک لە خەڵکی دوکان رێگەیان نەدا پێوەری زیرەکی پرۆژەی رووناکی لە قەزاکەیان دابندرێت، ئەو خەڵکە دەیانوت، دوکان هەر خۆی بەردەوام کارەبای هەیە، چ پێویستیان بەوەیە ئەو کارەبا گرانەیان بەزۆر پێ بدرێت.
لە خورماتوو منداڵێکی تەمەن دووساڵان بەهۆی گیرانی کۆئەندامی هەناسەیەوە بوورابووەوەو حاڵی خراپبوو، بەڵام لە کامێرای چاودێرییەوە دەردەکەوێت دەرمانسازێک زوو فریای دەکەوێت و رێڕەوی هەناسەی بۆ دەکاتەوەو منداڵەکە رزگار دەکات.
بەهۆى دروستبوونى کێشەیى کارەبایى لە پڕۆژەى ئاوى خاس، ئەمڕۆ دانیشتوانى قەڵادزێ بێ ئاو دەبن.
مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستانی هەواری شار لە سنووری گوندی چەق چەق، شەش کورەی خەڵوزکردنیان تێکدا و دەستیان بەسەر چەندین داری بڕاوەشدا گرت. ئەم کورانە کارێکی خراپ دەکەن و دار دەبڕنەوە، پۆلیسی دارستانیش دانە دانە بە دوایاندا دەگەڕێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک ئاشکرای کرد لە سنووری پارێزگاکەیاندا مێرووی “سن” لەسەر گەنمی چێندراوی ئەمساڵ بڵاوبوەتەوە و ئەوانیش بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی لە رێگەی تیمەکانیانەوە بۆ ماوەی دوو مانگ هەڵمەتی قەڵاچۆکردنیان ئەنجام دەدەن.