گه‌ڕه‌كی كارێزان بووه‌ته‌ ته‌لئه‌بیب

باوکی جەڵتە لێیداوە و لەسەر جێگایە، درۆنیش لە ماڵەکەی داون

964+

ئەحمەد شەمزین

له‌ هێرشی درۆنه‌كانی ئه‌مڕۆ سه‌رلەبەیانی بۆ شاری هەولێر، ماڵێک لە گەڕەکی کارێزان کراوەتە ئامانج، کە تەنیا ژن و پیاوێکی بەتەمەن و نەساغی تێدا دەژین، ئەوان بە دەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن و درۆنیش خەریک بوو ژیانیان لێ بسێنێتەوە.

تاریق زیاد کوڕی ماڵەکەیە و بە ٩٦٤ی راگەیاند، دایک و باوکی بەتەمەنن و نەخۆشن، باوکی چوار ساڵە لەسەر جێگە کەوتووە و جەڵتەی مێشک لێیداوە، سوپاسی خوای کرد کە سەلامەت دەرچوون.

تاریق دەڵێت، کارێزان گەڕەکێکی هەژارنشین و مەدەنییە و ئەمە پێنجەم جارە لەوەتەی مانگی رەمەزانەوە بە درۆن دەکرێتە ئامانج، “بەڕاستی گەڕەکەکە کەڵکی ژیانی نەماوە”.

ئەمڕۆ بەیانی دوای کاتژمێر شەش، دوو درۆن بە چەند ماڵێکی گەڕەکی کارێزانی هەولێردا تەقینەوە و زیانی ماددیی زۆریان گەیاند، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا