"ئەوەی بڵاودەکرێتەوە درۆیە"

فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا: چۆڵمان نه‌كردووه‌

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی لە عێراق ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە، کە باس لە چۆڵکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکەن، دوای ئەوەی هێرشی توند کرایەسەر بەشی سەربازیی فڕۆکەخانەکە، کە بە بنکەی ڤیکتۆریا ناسراوە.

لە  راگەیاندراوێکی فەرمیدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق دەڵێت، “ئەوەی لە هەندێک پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە چۆڵکردنی کارمەندانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، رەتدەکەینەوە، هەمووی قسەی درۆ و بێ بنەمان”.

هەروەها رایانگەیاند، “ئێستا هاتوچۆی ئاسمانی بەهۆی دۆخی ئەمنیەوە وەستاوە، بۆیە ئێستا هاتوچۆی سەرنشینەکان نییە”.

روونیشیان کردەوە، “ئەوەی سەبارەت بە داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەگوازرێتەوە رێوشوێنێکی رێکخستنە و سنووردارە بە داخستنی دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی تێرمیناڵی بابل و سامەڕا، بەهۆی نەبوونی سەرنشین لەم ماوەیەدا، هەروەها هیچ دۆخێکی چۆڵکردن و نائاسایی لەناو فڕۆکەخانەکەدا نییە”.

هەروەها دەسەڵاتەکە دەڵێت، “ئامادەیی تەواوی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان، هەر کە ئاسمانی ناوچەکە کرایەوە، بۆ وەرگرتنی گەشتەکان و بەڕێوەبردنی هاتوچۆی ئاسمانی بە کاراییەکی بەرز”.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی لە عێراق داوای لە دەزگاکانی میدیا و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا کرد لە هەواڵەکانیان وردبین بن و پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.

شەوی رابردوو هێرش کرایەسەر بنکەی سەربازیی ڤیتکۆریا، کە لە ناو فڕۆکەخانەی بەغدایە و پاڵپشتی دیپلۆماسیی ئەمریکای تێدایە.

گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا دەستیان پێکردەوە؛ بەڕێوەب...

گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا دەستیان پێکردەوە؛ بەڕێوەبەرەکەی سڕکرا