سوپاى سووریا هەڕەشە دەکات؛
” وڵامى گونجاومان دەبێت بۆ ئەو هێرشانەى لە عێراقەوە دەکرێنە سەرمان”
964+
وریا فەتاح
ماوەیەکە لە عێراقەوە خاکى سووریا و بنکەى هێزەکانى ئەمریکا لە باکورى رۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە بۆردوومان دەکرێت، وا دیارە ئەمجارە سوریا بڕستى لێبڕاوە و بە زمانى هەڕەشە لە عێراق، راگەیەندراوێکى بڵاو کردووەتەوە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی بەرفراوان لە رێگەی ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی سەربازیی وڵاتەکەی لە نزیک سنوورەکانی عێراق.
سوپای سوریا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە رووبەڕووی زۆربەی درۆنەکان ببنەوە و بەرپەرچیان بدەنەوە و بییانخەنە خوارەوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئێمە خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەکانمانین و وەڵامی گونجاومان دەبێت بۆ لەناوبردنی هەر مەترسییەک و رێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکەکەمان.”