تووشى قەیرانى وزە بوون
گەرووى هورمز تەنگى بە وڵاتانى ئاسیا هەڵچنیوە؛ هەر وڵاتە و بڕیارێک دەدات
964+
وریا فەتاح
لە پرسى قەیراندا رەنگە کەس شان لە شانى هەرێمى کوردستان و عێراق نەدات، ئەوەى قەیرانە لە ماوەى ساڵانى رابردوو بینیویانە، بەڵام ئێستا بەهۆى جەنگەوە، وڵاتانى خواپێداویش تووشى قەیران بوون، بەڵام ئەوان قورس لەسەریان شکاوەتەوە، چونکە شتى وایان نەبینیوە.
بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران و پەککەوتنی گەرووی هورمز، وڵاتانی ئاسیاى ناچارکردووە، پەنا بۆ رێکاری توند ببەن، لەوانە راگەیاندنى پشوو و کەمکردنەوەى کارەبا و کەمکردنەوەى ئۆتۆمبێل.
بەشێک لە رێکارەکان:
لە سریلانکا:
هەموو رۆژانی چوارشەممەیەک لە دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان پشووی فەرمییە (بۆ ئەوەی فەرمانبەران و قوتابیان سووتەمەنی مەسرەف نەکەن و بەکارهێنانى ئۆتۆمبێل کەمبکەنەوە).
هەروەها، سیستەمی “پاسی سووتەمەنی نیشتمانی” کارا کراوەتەوە؛ بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەت تەنیا 15 لیتر و بۆ هەر ماتۆڕسکیلێک تەنیا 5 لیتر بەنزین دیاریکراوە.
لە تایلەند:
حکومەت داوا لە خەڵک دەکات لەبری “جلى رەسمى”، کراسی قۆڵکورت لەبەر بکەن بۆ ئەوەی پێویستییان بە ساردکەرەوە (سپلیت) کەمتر بێت.
لە میانمار:
ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان تەنیا رۆژانی تاک و جووت (بەپێی ژمارەی تابلۆکانیان) بۆیان هەیە بێنە سەر شەقام، رۆژێک تاک و رۆژێک جوت.
لە بەنگلادیش:
پشووەکان پێشخراون و وردە وردە بەرنامەى کەمکردنەوەى کارەبا دەستیپێکردووە.
لە فلیپین:
فەرمانبەرانی حکومەت لانی کەم رۆژێک لە ماڵەوە کار دەکەن.
لە ڤێتنام:
هانی هاووڵاتییان دەدرێت پاسکیل و پاسی گشتی بەکاربهێنن و گەشتە زیادەکانیان کەمبکەنەوە.
جگە لە وڵاتانى ئاسیا، وڵاتانى ئەوروپاش بەهۆى قەیرانى سووتەمەنییەوە توشى گرفت بوون، ئەوەتا حکومەتی بەریتانیا پلانی “باری نائاسایی” دادەڕێژێت؛ ئەگەری هەیە خێرایی ئۆتۆمبێل بۆ 80 کیلۆمەتر لە کاتژنێرێکدا کەم بکرێتەوە ئەوەش بۆ پاشەکەوتکردنى بەنزین.
سنووردارکردنى گەرووی هورمز وایکردووە ئاسیا کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهانە، تووشی شۆک بێت (90%ـی نەوتی ناوچەکە بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت)، بۆیە ئەم رێکارانە گیراونەتەبەر.