سزاى سەرپێچیکاران
لە چەمچەماڵ 15 تۆن خۆراک و شمەکی بەسەرچوو لەناوبران
964+
وریا فەتاح
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ بڕی 15 تۆن خۆراک و شمەکی بەسەرچوویان لەناوبرد، کە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا دەستیان بەسەردا گیرابوو، هاوکات رێکاری یاساییش بەرامبەر سەرپێچیکاران گیرایەبەر.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە (15.3.2026)، پرۆسەی لەناوبردنی 15 تۆن کاڵا و خۆراکی ماوەبەسەرچوو بەڕێوەچووە. ئەو بڕە زۆرەی خۆراک پێشتر لەناو بازاڕ، مارکێت و شوێنە گشتییەکانی سنووری قەزاکەدا دەستیان بەسەردا گیرابوو.
ئاماژە بەوەش کراوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر خاوەنی ئەو شوێنانە گرتووەتەبەر کە ئەو خۆراکە بەسەرچووانەیان تێدا فرۆشراوە.
پرۆسەی دەستبەسەرداگرتن و لەناوبردنەکە لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتەوە جێبەجێ کراوە، کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی (قائیمقامیەتی چەمچەماڵ، چاودێری تەندروستی مەڵبەندی خۆپاراستن، ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، ڤێتێرنەری و لیژنەی پاککەرەوەی قەزاکە).
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، تەندروستی چەمچەماڵ وێڕای دەستخۆشی لە تیمەکان بۆ بەردەوامییان لە پاراستنی تەندروستیی گشتی، داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە پێناو سەلامەتیی هەموولایەکدا، لە کاتی بینینی هەر جۆرە خۆراک و شمەکێکی خراپبوو و بەسەرچوو، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.