گەمارۆی سەریشی بەردەوامە
دووەم کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان گەیشتە شاری کۆبانێ
964+
فەرهاد حەسەن
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، کاروانی دووەمی هاوکاری مرۆیی مانگی سووری کوردی گەیشتە شاری کۆبانێ لەچوارچێوەی پاڵپشتیی بەردەوام بۆ خێزانە ئاوارەکان و زیانلێکەوتووەکانی ناوچەکە.
بارکردنەکە پێکهاتبوو لە نزیکەی 12 بارهەڵگر کە بارکرابوون بە پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی فریاگوزاری و پزیشکی، لەوانە سەبەتەی خۆراک، دەرمان، کەلوپەلی پاکوخاوێنی، شیری منداڵان و دایبی و جلوبەرگی زستانە بە قەبارەی جیاواز.
روانگەکە دەڵێت، هاوکارییەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی شاری کۆبانی بەسەر چەند گوندێکی سەر بە کۆبانی دابەشدەکرێن، روونیشیکردووەتەوە، ئامانج لێی سووککردنی ئەو بارودۆخە سەختە مرۆییەیە کە رووبەڕووی دانیشتوان و خەڵکی ئاوارەبووی ناوچەکە دەبێتەوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە 4.3.2026 راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە مانگی سووری کورد بە سەرکەوتوویی کاروانی یەکەمی فریاگوزاری و هاوکاریی پزیشکی گەیاندە شاری کۆبانێ و گوندەکانی لە رۆژهەڵاتی حەلەب، ئەوەش دوای هەوڵی چەندینجار بۆ گەیشتن بەو شارە.
بەپێی زانیارییەکان، لەهەنگاوی یەکەم کاروانەکە گەیەندراوەتە پارێزگای حەسەکە بەلام بەهۆی ئەو گەمارۆیەی لەسەریەتی زیاتر لە مانگێک راگیرابوو، ئینجا بەرەو کۆبانێ بەڕێکەوتووە.