ئەندامێکی حەشدی شەعبی بە چەک و تفاقەوە دەردەکەوێت - وێنە: 964
قسە و داتای خۆیانە
هێرشەکان 27 چەکداری حەشدی شەعبی لەناو بارەگاکانیان کوشتووە
964+
ئەحمەد مستەفا
حەشدی شەعبی دەڵێ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، 32 ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگانیان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین، واست و بابل.
نەهۆی ئەو هێرشانەوە، 27 چەکداریان کوژراون و 50ی دیکە برینداربوون.
ئەمرۆ پێنجشەممە 12.3.2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئیدانەی ئەو ھێرشە ئاسمانییانە دەکەن و دەشڵێ، ھێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، پێشێلکردنێکی مەترسیداری سەروەریی و دامەزراوە فەرمییە ئەمنییەکانی عێراقن.
حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێکن لە سیستەمی ئەمنی عێراق و دووپاتی کردوووتەوە کە بە تەواوی پابەندن بە فەرمانەکانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەرکەکانیان بە ھەماھەنگی ڕاستەخۆ لەگەڵ فەرماندەیی ئۆراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق جێبەجێ دەکەن.
داواشی لە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان کردووە کە ھەڵوێستێکی توند و نیشتمانیی نیشان بدەن لە ھەمبەر وەستانی ھێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و ھێزە ئەمنییەکان، چونکە ئەو ھێرشانە زیان بە سەروەریی و شکۆی ھێزە ئەمنییەکان دەگەیەنێت.