لۆگۆى زانکۆى چەرموو
دواى چاوەڕوانییەکى زۆر
بە فەرمی و بۆ هەمیشە؛ بەغدا دانی بە زانکۆی چەرموودا نا
964+
وریا فەتاح
964+
دواجار وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بە هەمیشەیی دانی بە زانکۆی چەرموودا نا، لەمەودوا دەرچووانی زانکۆکە کێشەی بڕوانامەیان نابێت بۆ چوونە دەرەوەی وڵات و دەتوانن لە بەغداش دابمەزرێن.
رۆژی سێشەممە (10.3.2026)، د. هەڵەت رەشید، سەرۆکی زانکۆی چەرموو مژدەی دانپێدانانی هەمیشەیی زانکۆکەی لەلایەن بەغداوە راگەیاند و وردەکارییەکەی بەم شێوەیە خستەڕوو:
زانکۆکە لە مانگی شەشی 2024 دانپێدانانی وەرگرتبوو، بەڵام چەند مەرجێکی هەبوو کە دەبوو تا سەرەتای 2026 جێبەجێ بکرێن.
مەرجەکانیش بریتی بوون لە گۆڕینی ناوی “کۆلێژی کار” بۆ “کارگێڕی و ئابووری”، هەروەها گۆڕینی ناوی “تاقیگەی پزیشکی” بۆ “شیکاری نەخۆشییەکان”. دوای ئەوە، لە 8.3.2026ـەوە دانپێدانانەکە کرا بە هەمیشەیی.
پێشتر سەرۆکی زانکۆکە بە 964ـی وتبوو؛ بەهۆی نەبوونی دانپێدانانی بەغداوە، وەزارەتی دەرەوە بڕوانامەی دەرچووانی زانکۆکەی پشتڕاست نەدەکردەوە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام ئێستا ئەو گرێیە کرایەوە و کێشەکە نەما.
بۆ ساڵی داهاتوو، سەرجەم بەش و کۆلێژەکانی زانکۆکە دەچنە ناو رێبەری وەرگرتنی خوێندکارانی زانکۆکانی عێراق، بەمەش دەرچووان دەتوانن سوود لە دامەزراندنی سەر بە حکومەتی فیدراڵی ببینن.
زانکۆکە حکومییە و ساڵی 2014 بڕیاری دامەزراندنی دراوە. دەکەوێتە قەزای چەمچەماڵ، خاوەنی 3 کۆلێژ و 13 بەشە و لە ئێستادا نزیکەی 1500 خوێندکاری هەیە. (لە کۆی 3 کۆلێژەکە دانی فەرمی بە دووانیاندا نراوە و ئەوەی دیکەشیان لە قۆناغی جێبەجێکردندایە بۆ دانپێدانان).