خەرجییەکی لەرادەبەدەر

ئەمریکا لەو جەنگە هەموو سنوورەکانی ئابووری و سەربازیی وڵاتەکەی بەزاندووە

964+

فەرهاد حەسەن

بژمێری دۆلارەکان لە گیرفانی ئەمریکاوە نەوەستاوە؛ بە جۆرێک لە هەر چرکەیەکدا دوو هەزار و 500 دۆلار و لە هەر کاتژمێرێکدا نۆ ملیۆن دۆلار و لە هەر رۆژێکیشدا 220 ملیۆن دۆلار دەچێتە سەر خەرجییەکانی ئەمریکا لەو جەنگەی کە ئێستا لە بەرامبەر ئێران دەیکات.

ئەم ژمارانە پێشبینییەکانی خەرجیی شەڕی ئێستایە کە ئەمریکا خەرجی دەکات، تەنیا لە ماوەی چوار رۆژی رابردووی جەنگەکەدا زیاتر لە دوو ملیار دۆلار خەرجکراوە.

ئەم زانیارییانە لەلایەن ماڵپەڕی «ئێران کۆست»ـەوە بڵاوکراونەتەوە کە تایبەتمەندە بە لێکدانەوە و شیکردنەوەی خەرجییەکانی جەنگ لە جیهاندا و پشتی بە لێدوانی دەزگاکانی بەرگریی ئەمریکا و راگەیەندراوە فەرمییەکان بەستووە.

بەپێی ماڵپەڕەکە، ئەو خەرجییە لە رادەبەدەرەی ئەمریکا بۆ ئەو جەنگەی لە دژی ئێران دەیکات، بەسەر چەند تەوەرێکدا دابەش کراوە:

هێزی زەمینی: 50 هەزار سەرباز لە مەیدانەکانی ئەم جەنگەدا بوونیان هەیە، کە خەرجیی رۆژانەیان 40 ملیۆن دۆلارە.

هێزی دەریایی: لە دوو کۆمەڵە پێکهاتوون و لە رێگەی حەوت کەشتیی وێرانکەرەوە ئەرکیان لێدانە لە دوژمن، کە خەرجیی رۆژانەیان 22 ملیۆن دۆلارە.

هێزی ئاسمانی: زۆرترین خەرجیی رۆژانە بۆ کردەوە سەربازییە ئاسمانییەکان تەرخانکراوە، بەکارهێنانی بۆمبهاوێژی جۆری (B-2 Spirit) کە بە “شەبەح” ناسراوە، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی (F-15) و (F-22)، خەرجیی رۆژانەیان نزیکەی 48 ملیۆن دۆلارە بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی ئاسمانی ئێران بکەن.

خەرجییەکانی جەنگی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران هەر بەوە نەوەستاوە، بەڵکو ئەو زیانانەشی کە لە ماوەی چوار رۆژدا بەریکەوتوون و بە پارە هەژمار دەکرێن، دەگاتە 890 ملیۆن دۆلار لە یەک ڕۆژدا، بۆ نموونە، تەنیا خرانەخوارەوەی سێ فڕۆکەی جەنگی لە وڵاتی کوەیت بە بڕی 270 ملیۆن دۆلار مەزەندە کراوە.

کەواتە ئەوەی چەند رۆژێکە واشنتۆن لەو جەنگەیدا دژی ئێران دەستیپێکردووە، یەکێکە لەو جەنگە مێژووییانەی کە زۆرترین خەرجیی تێدا دەکرێت و لە ئێستادا هەموو سنوورەکانی ئابووری و سەربازیی وڵاتەکەی بەزاندووە.

ئەمەی باسکرا تەنیا بۆ خەرجی چوار رۆژی جەنگەکەیە، بەڵام ئەی ئەگەر جەنگەکە چەند هەفتەیەک یاخود چەند مانگێک بخایەنێت؟ دەبێت دۆناڵد ترەمپ چۆن وەڵامی دەنگی ئەو نەیارانەی بداتەوە کە لەناو کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا دژی هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە بوون؟