دەرچووانی تەندروستی کەرکوک داوا دەکەن یان هەرێم یان بەغدا دایانبمەزرێنن


کاروان ساڵحی

زیاتر لە 200 دەرچووی بەشە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان کە نیشتەجێی کەرکوکن لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەکە گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد.

ئەوان دەڵێن لە هەرێم پێیان دەوترێت سەر بە عێراقن و لە عێراقیش دەڵێن سەر بە هەرێمن.

ئەوان دەرچووی بەشە پزیشکییەکانن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان.

تاوەکو ئەوکاتەی پەیامنێری 964 لەناو خۆپیشاندەران بوو، دکتۆر زیاد خەڵەف جبوری یاریدەدەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک پێشوازی لێکردن و بەڵێنیدا داواکارییەکانیان بگەیەنێت بە وەزارەتی تەندروستی عێراق.

ئەوە یەکەمجار نییە ئەو دەرچووانە خۆپیشاندان دەکەن، بە قسەی خۆیان چوونەتە بەغداش، لەوێ پێیان وتوون بڕۆن داوا لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەکەی خۆیان بکەن.

لە هەرێمی کوردستانیشەوە پێیان وتراوە بچن داوا لە عێراق بکەن دایانبمەزرێنێت.