ئێوارە بڕیار دەدرێت
خاوەن مۆلیدەکان دەرگاى حیواریان دانەخستووە
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
خاوەن مۆلیدەکان سەریان لێ شێواوە، نە ئەوەیە ریگەیان پێبدرێت مۆلیدەکانیان هەڵبگرنەوە نە رێگەیان پێدەدرێت هەڵى بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەرگاى حیواریان دانەخستووە و ئێوارە بڕیار دەدەن.
لەدواى هێرشەکانى سەر ئێران، كۆمپانیای داناگاز هەناردەکردنی گازی سروشتیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگرت، بە هۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 2500- 3000 مێگاوات كەم بووەوە و شەوى رابردوو زۆرێک لە گەڕەک و شارەکان، شەوێکى تاریکیان بەڕێکرد.
عوسمان محەمەد، سەرۆکى کۆمەڵەى مۆلیدە ئەهلییەکان بە 964ـى وت،”25 ساڵ خزمەتمان کردووە، بەڵام حکومەت هاوکارى نەکردین، لە دواى پڕۆژەى رووناکیش، نە ئەوەیە مۆلیدەکانمان پێ لاببەن نە ئەوەیە رێگەمان بدەن هەڵى بکەین”.
وەک باسى دەکات، خاوەن مۆلیدەکان سەریان لێشێواوە نازانن چى بکەن، دوێنێ قائیمقامى سلێمانى پێى وتوون،”هەڵیبکەن و خۆشتان میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ وەرگرتنى پارە”، بەڵام هاوڵاتیان دەڵێن پارە نادەین.
دەرگاى حیوار دانەخراوە
بڕیارە ئەم ئێوارەیە، نوێنەرى لیژنەى مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانى، لەگەڵ نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەت کۆببنەوە، بە وتەى عوسمان محەمەد، “لە کۆبوونەوەکە ئەوان ئەمریان بەچى بێت، بۆ رووناککردنەوەى سلێمانى ئەوە دەکەن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح