بەهۆی کڕین و فرۆشتنی دایک و کچێکی ئێزدی
ئەڵمانیا سزای زیاتر بەسەر ژنە داعشێک دەسەپێنێت
964+
فەهمی نەبی
دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕاڵی ئەڵمانیا، بڕیارێکی دادگای هەرێمی میونشنی هەڵوەشاندەوە، بەوەی کە سزای 10 ساڵ بەندکردنی بەسەر ژنە داعشێکدا سەپاندبوو بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی دایک و کچێکی ئێزدی لە ساڵی 2015، دادگا فیدڕاڵیەکە داوای سزای زیاتر دەکات.
دادگاکە بە بڕیاری 3 StR 246/22 رۆژی 9ی ئادار ئەو دۆسیەی هەڵداوەتەوە و دووبارە تانەی لێداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی دادگاکە، ئەو ژنە تەمەن 23 ساڵیە لە بنەڕەتدا مسوڵمانە و هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانیە، لە مانگی ئابی ساڵی 2014 چووەتە سوریا و لە شاری رەققە هاوسەرگیری لەگەڵ چەکدارێکی عێراقی ئەو رێکخراوە کردووە، هەر لە سوریا ژنێکی کوردی ئێزدی و منداڵە کچەکەی بە کۆیلە کڕیوەتەوە، دوای گەڕانەوەیان بۆ فەلوجە لە ساڵی 2015 مانگ و نیوێک لە ماڵەوە زیندانیان دەکەن”.
لەناو زانیارییەکاندا ئەوەش هاتووە، “رۆژانە سروتی ئایینی بەو ژنە دووبارە کراوەتەوە تا دڵنیابن لەوەی بووەتە مسوڵمان، دواتر لە رۆژێکی گەرمای ئەو ساڵە هاوسەری ژنە ئەڵمانیەکە، منداڵە ئێزدیەکە لە حەوشەی ماڵ لەبەر تیشکی خۆر دەبەستێتەوە، هەر ئەو رۆژە منداڵەکە گیان لەدەستدەدات، دوای شیوەنی دایکی منداڵەکە، لەوێ ئەویش دەکوژن”.
ئەو تۆمەتەی کە بەسەر ژنە بە رەگەز ئەڵمانیەکە ساغبووەتەوە یارمەتیدانی کوشتن و رێگرینەکردن بووە لە کوشتن.
ئەو ژنە بە رەگەز ئەڵمانیە پێشوتر سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، بەڵام وەک لە هەواڵەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدڕاڵی ئەڵمانیا هاتووە ئەو سزایە کەمە و بڕیارەکەی پێشووتر هەڵوەشاوەتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەبڕیاری نوێی ئەو دادگایە بکات.
حوسێن قایدی، بەرپرسی نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی بە تۆڕی 964ی وت، “بەهۆی ئەو هێرشانەی داعش بۆسەر کۆمەڵگەی ئێزدی نشین لە ناوچە جیاوازەکان، زیاتر لە پێنج هەزار کەس گیانیان بەخشی، هاوکات شەش هەزار و 417 کەس رفێنراون و لەناو ئەو ژمارەیە دوو هەزار و 16 منداڵ هەیە، کە زیاتر لە 10 هەزاریان کچ و 957یان کوڕ بوون”.
لە 3.8.2014 چەکدارانی داعش هێرشیان بۆسەر شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان و عێراق و سوریا دەستپێکرد و بە هەزاران کەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون.