بڕیارە جەنجاڵیی رێگای گەلی عەلی بەگ نەمێنێت
دوا شەش مانگ پردەکەی زارگەلی کرایەوە
+964
ئاکام غەفور-سۆران
پردی زارگەلی کارەکانی تەواو بوو، بەرووی شۆفێراندا کرایەوە، قەرەباڵغییەکەی دەروازەی گەلی عەلی بەگیش ئیتر نامێنیت.
نزیکەی شەش مانگە پردەکە شکاوە، هەرچەندە رێگایەکی بەدیل هەبوو بەڵام چارەی ئەو جموجۆڵە زۆرەی رێگای هامڵتۆنی نەدەکرد و بەردەوام جەنجاڵی هاتوچۆی لێ دروست دەبوو.
مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، بە 964ـی وت، پردەکە بە رووی شۆفێراندا کرایەوە، هەرچەندە ماوەی تەواوکردنی پردەکە 100 رۆژی تەقویمی بوو، بەڵام بەهۆی هاتنی زستان و نالەباری کەشوهەوا کارەکانی دواکەوت، تێچوی پردەکە 611 ملیۆن دینارە، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کراوە.
پێشتر، خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، دەربارەی پردە نوێیەکە بۆ 964 باسی لەوە کردبوو، پردەکە بە دیزاینی فەڕەنسی دروست دەکرێت و لە ئاسن و کۆنکریت و قیڕ پێکدێت، ئەوەی ئەمجارە کوالێتی زۆر باشتر دەبێت و بەجۆرێکە ئەگەر رووداوی هاتوچۆشی لەسەر رووبدات بە شێوە پردە کۆنەکان گرفت دروست ناکات.
درەنگانی شەوی 14.8.2025 بارهەڵگرێک کە باری ئاسنی پێبوو، لە کاتی تێپەڕین بەسەر پردى زارگەلیدا بارەکەی کەوت، بەهۆیەوە بەشێک لە پردەکەی گەلی عەلی بەگ رووەو خەلیفان داڕما و هاتوچۆکردن بەسەر پردەکە گرفتی بۆ دروست بوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا