بەندەری فاو لە پارێزگای بەسڕە _ وێنە: میدیا خۆجێیەکان
باڵیۆز ئاشکرای کرد
لە بەندەری فاوەوە دێن؛ بەهای بازرگانی کۆریا بۆ عێراق گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلار
964+
ئەحمەد مستەفا
باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق، لی جون-ئیل رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و کۆریا لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، کە بەندەری فاو ژمارەیەکی پێوانەیی جیهانی تۆمار کردووە لە گەشتنی ئەو کاڵایانە.
باڵیۆزی کۆریا بە ئاژانسی فەڕمی حکومەتی عێراقی وتووە، کۆریای باشوور بە هاوبەشێکی نموونەیی عێراق دادەنرێت لە بوارە جیاوازەکاندا، لە ژێرخانەوە تا تەکنەلۆژیا و بەرگری، هاوکاری نێوان بەغدا و سیئۆل لە دوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ساڵی 2003 وە گەشەی بەردەوام بەخۆوە دەبینێت.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری:
هەناردەی عێراق بۆ کۆریا 9.1 ملیار دۆلار بووە (نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان).
هەناردەی کۆریا بۆ عێراق بریتییە لە: ئۆتۆمبێل، پارچەی یەدەگ، ئەلیکترۆنیات و دەرمان.
کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵی 2025 گەیشتووەتە نزیکەی 10.5 ملیار دۆلار.
ئەوە جگە لەوەی، کۆمپانیا کۆرییەکان بەشدارییان کردووە لە گەیشتنی عێراق بە خۆبژێوی لە بەنزین لە رێگەی بونیادنانی پاڵاوگەی کەربەلا و نیوەی پاڵاوگەی بەسڕە.
هاوکاری سەربازی و بەرگری:
هاوکارییەکان بریتین لە دابینکردنی فڕۆکەی جۆری T-50 بۆ مەشق و جەنگ، و سیستەمی بەرگری ئاسمانی مەودا مامناوەندی (M-SAM)، لەگەڵ دابینکردنی پارچەی یەدەگ و چاککردنەوە، هەروەک کۆمپانیا کۆرییەکان لە ساڵی 1977 وە تا ئێستا 225 پڕۆژەیان بە بەهای 46 ملیار دۆلار لە عێراق جێبەجێ کردووە.