زێڕ و زیو بە خێرایى بەرز بوونەوە
+964
وریا فەتاح
بەپێی دواین داتاکانی بازاڕی جیهانی بۆ کانزا گرانبەهاکان، نرخی زێڕ و زیو بەرزبوونەوەیەکی بێوێنە و خێرایان تۆمارکردووە، بەشێوەیەک ئۆنسەیەک زێڕ لە سەرووى 5 هەزار و 100 دۆلارە.
زێڕ، زێڕە
بەپێى خشتەی ئاڵوگۆڕەکان، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ تەنیا لەمڕۆدا بە رێژەی 2.57%بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە زیادبوونی 128 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، چونکە یەک ئۆنسە بە 5 هەزار و 106 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.
تەنیا زێڕ نا، زیویش بەرزبوونەوەیەکی زۆر بەهێزتری بەخۆیەوە بینیوە. تەنیا لەمڕۆدا نرخی زیو بە رێژەی 8.92% هەڵکشاوە و نزیکەی 7 دۆلاری چووەتە سەر. لە ئێستادا نرخی یەک ئۆنسە زیو گەیشتووەتە 84.59 دۆلار.
بەمەش نرخى کیلۆیەک زیوی بە نزیکەى 2720 دۆلارە لە بازاڕەکانی جیهان.
داتاکان دەریدەخەن کە زیو لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا بەھاکەی دوو هێندە بووەتەوە (103%زیادی کردووە).
دڵى ترەمپیان شکاند بۆیە نرخەکەکان بەرز بوونەوە
ئێوارەی دوێنێ دادگەی باڵای ئەمریکا بە زۆرینەى دەنگ، بڕیارێکی دژی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دا و ئەو پێناسە گومرگییە گشتگیرانەی هەڵوەشاندەوە کە ساڵی رابردوو سەپاندبوونی کە ئەمەش دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى کانزا بەنرخەکان بە تایبەتیش زێڕ و زیو.
دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدابوو بە جێبەجێکردنی پێناسی گومرگی باجێکی زۆر بخاتە سەر ئەو کاڵا و شتومەکانەی کە لە وڵاتانی دیکەوە دەبرێنە ناوخۆی ئەمریکا، بەو ئامانجەی خەڵک ناچاربێت کاڵای ناوخۆیی بکڕێت، بەڵام دوێنێ دادگای باڵای ئەمریکا ئەو بڕیارەی ترەمپی بە نایاسایی دانا و هەڵیوەشاندەوە.
دواى بڕیارى دادگاکە، دۆناڵد ترەمپ قسەى کرد و بڕیاری دادگای باڵای وڵاتەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێناسی گومرگی بە شەرمەزارکەر وەسفکرد و وتى،” پلانی جێگرەوەی هەیە”.