بێ زیانى گیانى کۆنتڕۆڵکرا
بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئاگر لە بۆرییەکى وێستگەى غازى باکور کەوتەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بۆرییەکی گواستنەوەی غاز لە سنووری گوندی “باجوان” لە کەرکوک تەقییەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی فشارەوە بووە و تەنیا زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە.
رووداوەکە لە وێستگەی (AB2) روویداوە کە دەکەوێتە سەر رێگای کەرکوک – دووبز، ئەم وێستگەیە تایبەتە بە وەرگرتنی غاز و جیاکردنەوەی ماددەی کبریت لێی، بەر لەوەی رەوانەی وێستگەکانی دیکە بکرێت.
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە 964ی وت،”رووداوەکە لە یەکێک لە بۆرییەکانی گواستنەوەی غاز لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و غازی باکوور بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستان (فشار)ـەوە روویداوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە”.
وتیشی، “تیمەکانی بەرگریی شارستانی و بەشی ئاگرکوژێنەوەی هەردوو کۆمپانیای نەوت و غاز توانیویانە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە”.
بە قسەی بەڕێوەبەری نەوتی باکوور، دوای چەند کاتژمێرێکی دیکە دەست دەکرێت بە چاککردنەوەی بۆرییە زیانلێکەوتووەکە و ستایشی پشتیوانییەکانی حکومەتیشی کرد بۆ کەرتی نەوت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە 964ی ڕاگەیاند، ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێ کەوتووەتەوە (وێستگەی AB2) خاڵێکی سەرەکییە کە غازی چەند کێڵگەیەک تێیدا کۆدەبێتەوە و دوای جیاکردنەوەی کبریت، بەشێکی ڕەوانەی وێستگەی “کەبس” دەکرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح