"تەقینەوەی فیدەرەکە دەوروپشتمی کرد بە ئاگر"
دەست و دەموچاوى سووتا؛ فەرمانبەرێکى کارەبا وردەکارى تەقینى فیدەرێکى کارەبا ئاشکرا دەکات
964+
عەبدولعەزیز- خالند
لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا، دوو فەرمانبەری وێستگەی کارەبای “کۆڕێ” لە هەولێر بەهۆی تەقینی سێرکت و شۆرتی کارەباوە تووشی سووتانی جەستە بوون. جونەید فائیز، یەکێک لە بریندارەکان، بۆ 964 باس لە ساتی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: “بەیانی یەکشەممە بوو، ویستم فیدەری ژمارە 5 لە زەوی بدەم، یەکسەر بەسەرمدا تەقی و هەموو دەوروبەرم بوو بە ئاگر؛ دەست و دەموچاوم سووتا.”
جونەید کە ئێستا سەرقاڵی چارەسەرکردنی برینەکانیەتی، هۆکاری رووداوەکە بۆ کۆنیی وێستگەکە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: “ئەم وێستگەیە هی ساڵی 1980یە و فیدەرەکانی زۆر کۆنن. پێویستە بکرێنە کۆنترۆڵ، بۆ ئەوەی لە ژوورەوە ئۆن و ئۆف بکرێن، چونکە چوونە سەر فیدەرەکان بۆ کارکردن مەترسیی مردنی لەسەرە.”
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە جگە لە جونەید، فەرمانبەرێکی تریش بە ناوی ئەیوب ئیدریس بەهۆی شۆرتی کێبڵەوە سووتاوە. بریندارەکان داوا دەکەن بۆ پاراستنی گیانیان، سیستەمی وێستگەکە نوێ بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح