وەزعى بەنداوەکان باشە
بەراورد بە پار؛ داهاتی ئاوی بەنداوى دوکان 16 هێندە زیادیکردووە
964+
وریا فەتاح
بەپێى ئامارێکى تایبەت کە دەست 964 کەوتوووە، داهاتی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بڕی بارانبارینیش ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو (2025).
بەپێی ئەو ئامارانە، دۆخی بەنداوەکان بەم شێوەیەیە:
یەکەم. بەنداوى دوکان
تواناى بەنداوەکە: 7 ملیار مەتر سێجا
ئاستی ئاو: گەیشتووەتە 488.55 مەتر (ساڵی پار 488.36 مەتر بووە).
داهاتی ئاوی ئێستا: 759 مەتر سێجا/چرکە (ساڵی پار تەنیا 46 بووە، واتە 16 هێندە زیادیکردووە).
بارانبارین: 481.6 ملیمەتر (ساڵی پار 138.2 ملیمەتر بووە).
ئاوی عەمبارکراو: 2.0277 ملیار مەتر سێجا.
بۆشایی بۆ پڕبوون: 4.7723 ملیار مەتر سێجا ماوە.
ئاوی بەردراو: 35 مەتر سێجا/چرکە.
دووەم. بەنداوی دەربەندیخان
ئاستی ئاو: 475.90 مەتر (بەراورد بە پار 2.29 مەتر بەرزبووەتەوە).
داهاتی ئاوی ئێستا: 315 مەتر سێجا/چرکە (ساڵی پار 127 بووە).
بارانبارین: 658.8 ملیمەتر (ساڵی پار 256.6 ملیمەتر بووە).
ئاوی عەمبارکراو: 1.7192 ملیار مەتر سێجا.
بۆشایی بۆ پڕبوون: 0.8528 ملیار مەتر سێجا ماوە.
جیاوازی عەمبار (بەراورد بە پار): 0.1521 ملیار مەتر سێجا زیادی کردووە.
سێێەم. بەنداوی دهۆک
بارانبارین: کۆی گشتی 346.4 ملیمەتر (ساڵی پار تەنیا 54.8 ملیمەتر بووە).
ئاستی ئاو: 606.89 مەتر (ساڵی پار 610.45 مەتر بووە، واتە نزمترە).
داهاتی ئاوی ئێستا: 7.7 مەتر سێجا/چرکە.
کەى ئاو بیلماوسەکەى بەنداوى دوکانەوە دەڕژێت و سەرڕێژ دەبێت؟
لەبەر ئەوەى ئێستا بەنداوەکە لە هەر چرکەیەک 759 مەتر سێجا ئاو دەڕژێتە ناو بەنداوەکە و لە بەرامبەردا 35 مەتر سێجا ئاوى لێ دەڕژێت، کەواتا بۆ هەر چرکەیەک 724 مەتر سێجا ئاوى بەنداوەکە زیاد دەکات، بەپێى حساباتێکى ژمێریارى کە 964 کردوویەتى، ئەگەر بۆ ماوەیەک یەک مانگ تێکڕا لە هەر چرکەیەکدا 724 مەترسێجا ئاو بڕژێتە بەنداوەکە، ئەوان لە یەک مانگدا، ئاوى کۆگاکراوى بەنداوەکە 1 ملیار و 876 ملیۆن مەتر سێجا زیاد دەکات، بەمەش لەبەر ئەوەى بۆشایى ئێستاى بەنداوەکە 4 ملیار و 772 ملیۆن مەتر سێجایە، کەواتا ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت 26ـى نیسانى 2026، بەنداوەکە سەرڕێژ دەبێت. واتا پێویستى بە دوو مانگ و 16 رۆژە تا پڕببێت بەو مەرجەى لەو ماوەیەدا لە هەر چرکەیەکدا 724 مەترسێجا ئاو بڕژێتە ناو بەنداوەکە.