ئەنجومەنی سوریای دیموکرات:
“ئەوەی لە کۆبانێ روودەدات تاوانی جەنگ و پێشێلکاری یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤە”
964+
فەرهاد حەسەن
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەڵێت، گەمارۆدانی شاری کۆبانی تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە و داوا دەکات لێپرسینەوەی یاسایی و ئەخلاقی بۆ هەر قوربانییەک بکرێت کە بەهۆی گەمارۆکەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، زیاتر لە سێ هەفتەیە شاری کۆبانی لەژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردایە و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی کردۆتە ئامانج، جگە لە دانیشتووانە رەسەنەکەی، ئاوارەکانیش کە لە عەفرین، شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە، تەبقە، رەقە و لادێکانی دەوروبەری روویان لەوێ کردووە، کراونەتە ئامانج.
بڕینی سیستماتیکی کارەبا و ئاو، رێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی پێداویستییە پزیشکییەکان، خۆراک، سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەتاییەکان،بووەتە هۆی تێکچوونی جددی لە دۆخی گشتی مرۆیی و تەندروستیدا.
ئاماژەی بەوەکردووە، بەردەوامی ئەم واقیعە دڵتەزێنە، ژیانی خەڵکی مەدەنی دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، بەتایبەتی منداڵان و نەخۆشەکان و کەمدەرامەتەکان، بەهۆی کەمی خۆراک و شیری منداڵان و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان، زۆربەی دوکانەکان دوای تەواوبوونی کۆگاکان داخراون و ژیانی رۆژانەی خەڵکەکە بووتە ململانێ لەپێناو مانەوەدا “بەهەموو پێوەرێک ئەمە تاوانی جەنگ و سزای بە کۆمەڵە”.
ئەنجوومەنەکە، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو گەمارۆیە و بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و سەرجەم رێکەوتننامەکانی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاتی ململانێکاندا دەزانێت، داواش دەکات “لێپرسینەوەیەکی تەواو یاسایی و ئەخلاقی بۆ هەر قوربانییەک بکرێت کە بەهۆی برسێتی، نەخۆشی، یان نەبوونی دەرمانەوە گیانیان لەدەستداوە”.
جەختیش دەکاتەوە، لەسەر رەتکردنەوەی بەکارهێنانی خەڵکی مەدەنی و بژێوی ژیانیان وەک ئامرازێک بۆ رەشبگیری سیاسی یان سەربازی بە هەر بیانوویەک بێت.
داواش لە دەسەڵاتی کاتی دیمەشق دەکات، بەرپرسیارێتی سەروەری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆی بگرێتە ئەستۆ، دەستبەجێ هەموو دەروازەکان بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە هاتنە ژوورەوەی خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی بدرێت و هەر ڕێوشوێنێک کە بەشداربێت لە خنکاندنی شارەکە ڕابگرێت.