"بەغدا رێگرە لە دروستکردنی بەنداو"

لە زاخۆ هەر چرکەیەک 400 هەزار لیتر ئاو بەفێڕۆدەچێت

964+

شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

بەهۆی بارانبارینەکانی ئەم دواییەوە، ئاستی ئاوی رووباری خابوور لە زاخۆ سێ مەتر بەرزبووەتەوە، بەوەش لە هەر چرکەیەکدا 400 هەزار لیتر ئاو بە فێرۆ دەچێت و دەڕژێتە ناو خاکی عێراق و سوودی لێ وەرناگیرێت.

سەرەڕای زۆریی ئاوەکە، بەڵام پڕۆژەی ئاوی زاخۆ ناتوانێت لەم کاتانەدا سوودی لێ ببینێت، چونکە لەکاتی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، رێژەی لێڵبوون هێندە زیاد دەکات، فلتەرەکانی پڕۆژەکە لەکار دەکەون و توانای پاککردنەوەی ئاوەکەیان نامێنێت.

محەمەد یاسین، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی زاخۆ بە 964ی راگەیاند، مێژوویەکی درێژە بیر لە دروستکردنی بەنداو دەکەنەوە بۆ گلدانەوەی ئەم ئاوە، بەڵام حکومەتی عێراق رەزامەندیی کۆتایی نادات.

وتیشی: “چاوەڕێی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی دانوستان لەسەر ئەم بابەتە بکەینەوە.”

بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاوی زاخۆ، چەند شوێنێکی گونجاوی لە رۆژهەڵاتی شارەکە دەستنیشان کردووە بۆ دروستکردنی بەنداو و چیتر رێگە نەدەن ئاوی خابوور بەبێ سوود بڕژێتە ناو ڕووباری هیزڵ و پاشان دیجلە و بەنداوی مووسڵ.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح