نوێنەرانی ئەمریكا ویتكۆف و كۆشنەر، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان بەدر بن ئەلبوسەعیدی
لە هەواڵەكانی سەرەتا ئەمە نەگوترا
نوێنەرانی ئەمریكا و عەراقچی راستەوخۆ گفتوگۆیان كردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئیکسیۆسی ئەمریكی، بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، ئاماژەی بەوە کردووە کە راوێژکارانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دیدارێکی رووبەڕوویان لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە عومان ئەنجامداوە، لە كاتێكدا هەواڵەكانی دوای كۆبوونەوەكە ئەوەیان خستەڕوو، كە دیدارەكان بە جیا بە یارمەتی وەزیری دەرەوەی عومان كراون.
لە راپۆرتی ماڵپەڕەكەدا ئاماژە بەوە کراوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و گارێد کوشنەر، راوێژكار و زاوای ترەمپ، لە پەراوێزی خولێکی دانوستانەکان بە میوانداریی مەشقەت لەگەڵ عەراقچی کۆبوونەتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان بەزۆری لە رێگەی نێوەندگرانی عومانییەوە ئەنجام دەدرێن و بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان سەرکردایەتی هەوڵەکانی هەماهەنگی نێوان هەردوو شاندەکەی كردووە.
ئەو خولەی دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عومان، بە وتەی عومانی و ئێرانییەكان و سەرچاوە میدیاییە نزیكەكانی هەردوولا، بەبێ پێشکەوتنێکی گەورە کۆتایی هات، تەنیا رێککەوتن لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆکان لە ماوەی چەند رۆژێکی نزیكی داهاتوودا كراوە، هەرچەندە میدیای ئێران باسی ئەوە دەكەن، دانوستانەكان ئەرێنی بوون.
هاوكات دیداری راستەوخۆی نێوان هەردوولا، لەلایەن چاودێرانەوە بە ناوازە وەسف کراوە، لە کاتێکدایە کە بەردەوامی پەرەسەندنی ناوچەیی و هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی دەوروبەری بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لەئارادایە.
شاندەکەی ئەمەریکا جگە لە ویتکۆف و کۆشنەر، ئەدمیرال براد کوپەر سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکای لەخۆگرتبوو، هەروەها لایەنی ئێرانییش بە سەرۆکایەتی عەباس عەراقچی و چەند جێگرێکی بوون.