وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بەرپرسیارێتیی ئێمەیە کە هیچ دەرفەتێکی دیپلۆماسی بۆ پاراستنی ئاشتی لەدەست نەدەین

عێراقچی بەرەو عومان بەڕێکەوت

964+

ژێوار خدر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و وەفدێکی باڵای دیپلۆماسی، تارانی بەرەو مەسقەتی پایتەختی عومان جێهێشتووە، ئەوەش بە مەبەستی ئەنجامدانی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بڕیارە سبەی بەیانی هەینی، دانوستانەکان لە مەسقەت دەستپێبکەن، عەباس عێراقچی پێش بەڕێکەوتنی رایگەیاند: “ئێمە بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لەسەر شانە بۆ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ بەکارهێنانی دیپلۆماسی لەدەست نەدەین، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.”

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە، تاران بە جدییەتەوە دەچێتە ناو ئەم خولەی گفتوگۆکان و هیوای خواستووە کە “لایەنی ئەمریکی بە هەمان شێوە، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، واقیعییەت و جدییەتەوە بەشداری لە دانوستانەکاندا بکات.”

ئەم جووڵە دیپلۆماسییە نوێیەی تاران و واشنتن لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هەردوولا لە رێگەی نێوەندگیریی عومانەوە هەوڵدەدەن گرژییەکان بڕەوێننەوە و بگەەنە رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکە.

"ئێران لە ترسی هێرشی سەربازی دانوستان دەکات"