لۆگۆی سەنتەری میترۆ
سەنتەری میترۆ:
“داخستنی NRT لە دەرەوەی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕینە”
964+
ژێوار خدر
بڕیاری داخستنی نووسینگەکانی کەناڵی NRT لە هەولێر “هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و تەنیا بڕیارێکی سیاسییە”، ئەمە پوختەی رای پارێزەر پەیمان عیزەدینە لە سەنتەری میترۆ و دەشڵێت، “ئەو یاسایەی بۆ داخستنی کەناڵەکە بەکارھاتووە، نە سزای تێدایە و نە پەیوەندی بە دەزگای میدیاییەوە هەیە”.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە زاری پەیمان عیزەدین راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “هۆکاری داخستنەکە بۆ بڕیاری ژمارە 7ـی ساڵی 1997ـی پەرلەمان دەگەڕێتەوە کە تایبەتە بە “هەڵواسینی وێنەی کۆچکردوو مستەفا بارزانی”، بەڵام ئەو یاسایە تەنیا فەرمانگە حکومییەکان پابەند دەکات و هیچ مادەیەکی سزایی تێدا نییە تاوەکو بۆ داخستنی کەناڵێکی میدیایی یان سزادانی کەرتی تایبەت بەکاربهێنرێت”.
جەختیشی دەکاتەوە، پەنابردن بۆ توندترین سزا کە “داخستنە” بەبێ بوونی روکنەکانی تاوان، دەیسەلمێنێت کە بڕیارەکە سیاسییە، چونکە بەپێی دەستوور و یاسا ئازادی راگەیاندن پارێزراوە و ناتوانرێت بە بڕیارێکی ئیداری کە هیچ گونجاندنێکی لەگەڵ تاوانەکەدا نییە، دەنگێک کپ بکرێت.