ئەوقاف بەرپرسیارێتییان هەڵناگرێت
ئەگەر بە ئۆتۆمبێلی تایبەت عەمرە بکەیت دەبێت خۆت ئاگات لە خۆت بێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەوقافی هەرێم دەڵێت، بەرپرسیارێتیی ئەو کەسانە هەڵناگرن کە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان دەچنە عەمرە.
ئەمساڵ رێگە بە هاوڵاتیان دراوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بە مەبەستی ئەنجامدانی عەمرە سەردانی وڵاتی سعودییە بکەن.
تۆڕی 964 بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم دەزانێت، هەندێ خەڵک لە هەرێمەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی عەمرە دەکەن.
هەڵگورد عەبدولسەمەد، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەولێر بە 964ـی راگەیاند: ئەوانەی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەچنە عەمرە خۆیان ڤیزا وەردەگرن و لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە کارەکانیان ناکەن کە لە وەزارەتی ئەوقاف بەرپرسیار و رێگەپێدراون.
تۆڕی 964 دەزانێت، ئەگەر کەسێک بە ئۆتۆمبێلی خۆی بچێتە عەمرە دەبێت لە گومرگی عێراق رێگەپێدان بکات و دەبێت ئۆتۆمبێلەکە بێ کەموکوڕی بێت.
هەروەها نرخی ڤیزا 300 دۆلارە و ئەو کەسەی سەفەرەکەش دەکات دەتوانێت 90 رۆژ بمێنێتەوە.
هەڵگورد عەبدولسەمەد دەشڵێت: ئەو کەسانەی لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە دەچنە عەمرە وەزارەتی ئەوقاف بەرپرسیارێتی ئەمنی و تەندروستی و خواردن و مانەوەیان هەڵدەگرێت.