چەمی قلیاسان ژیایەوە

سلێمانی شەوێکی سەختی بە سەلامەتی بەڕێکرد

964+

فەرمان سادق

بارانە بەلێزمەکە چەمی قلیاسانی ژیاندەوە، سلێمانییەکانیش شەوێکی سەختییان بەڕێکرد بەڵام بەقسەی پارێزگارەکەیان بێت، هەموویان سەلامەت بوون.

بە هۆی بارانە بە لێزمەکەی 24 کاژمێری رابردووی سلێمانی، دوای چەندین ساڵ ئەمجارەیان چەمی قلیاسان بووژاوەتەوە و بەخوڕ ئاوی پێدا دەڕوات.

چەمی قلیاسان بەناو شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت بە تەنیشت سەیرانگای سەرچناردا تێدەپەڕێت و دەگاتەوە گوندی قولەڕەیسی.

چەند ساڵێکە بە دەگمەن بەم چەشنەی ئێستا ئاوەکەی زۆر بووە، زۆربەی کاتەکانی تر دەزوولە ئاوی پێداڕۆیشتووە.

پەیامنێری 964، ئەم بەیانییە لە قەراغی چەمەکە بوو، ئەم ڤیدیۆیەی تۆمارکرد.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، ئەمشەو چوارشەممە، ئەو هۆشدارییەی بڵاوکردووەتەوە.

لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە بارانێکی بەخوڕ پارێزگای سلێمانی بە گشتی و ناو شارەکەی گرتووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی درووستبوونی لافاو لە بەشێک لە گەڕەکەکان.

بە قسەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بێت لافاوەکە و گردبوونەوەی ئاو لە چەند گەڕەکێکی شارەکە زیانی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە.