كەشتی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن بەرەو سنوورەكانی ئێران بەڕێوەیە
ژەنەراڵێکی ئەمریکی:
“جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەوری ئێران بە ئامانجی “سەربڕینی مار”ـەكەیە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جەنەراڵ جاک کینی خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا پێی وایە ئامانجەکانی جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەوری ئێران بریتین لە “سەربڕینی مار”ـەكە و زەمینە خۆشکردن بۆ گۆڕینی رژێمە لە تاران.
کین وتی، “لە چەند رۆژی رابردوودا چاوەڕێبووین هێزی زیادە بۆ ناوچەکە بنێردرێت، بەتایبەتی هێزی دەریایی، لەناویاندا گرووپەکانی هێرشی کەشتی فڕۆكەهەڵگر و بەشەكانی دیكەی.
دەشڵێت، “كەشتییەكان سیستمی بەرگریی ئاسمانییان هەیە کە توانای بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی تۆڵەسەندنەوەی ئێرانی هەیە بۆ پاراستنی بنکەکانی و هەروەها ئیسرائیل، هەروەها هێزی ئاسمانییان هەیە، جگە لەوە ژمارەیەکی بەرچاو فڕۆکەمان بۆ بنکە ئاسمانییە جیاوازەکانی ناوچەکە بڵاوەپێکردووە، جگە لە هێزی ئاسمانی”.
جەنەڕاڵەكە ئەمریكییەكە پێی وایە: “پێموایە ئەوە پەیوەندی بە بڕینی سەری مارەكەوە هەیە، كە رژێمی ئێران خۆی مارە، ئامانجیش لابردنی سەرکردایەتییەكەیە، بۆ ئەوەی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات دەستپێبکات”.
ئەو پێی وایە یەک هێرشی سەربازی بەس نییە بۆ گەیشتن بەو شتە مەگەر هێزی زەمینی جێگیر نەکەن، “ئێمەش بە جددی بیر لەو بژارەیە ناکەینەوە”.
سەرەڕای ئەوەش، کین پێی وایە تەنیا هەڕەشەی ئەم جۆرە کارە، دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئیرادەی ئەوانەی لە دەوروبەری رێبەری مەزنی ئێرانن، بەتایبەتی کە ئێران لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە لە دوای هاتنە سەرکاری رژێمەكە لە ساڵی 1979.
کەین پێی وایە ئەمریکییەکان لەگەڵ هەندێک لە سەرکردەکانی ئێران لە پەیوەندیدان، هەروەک چۆن پێش ئۆپەراسیۆنی ڤەنزوێلا لەگەڵ سەرکردایەتی ڤەنزوێلادا بوون.
ئەم قسانەی جەنەڕاڵەكە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو كەشتییەی ئێستا بەرەو ئێران دەچێت، گەورەترە لەوەی کە رەوانەی ڤەنزوێلا کرابوو.