"بە فیتنە و درۆ هانی کۆمەڵکوژی دەدەن"
سەندیکای رۆژنامەنووسان و یەکێتی راگەیاندنی ئازاد ئیدانەی کاری هەندێک کەناڵی عەرەبی دەکەن
964+
فەرهاد حەسەن
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و یەکێتی راگەیاندنی ئازاد ئیدانەی رووماڵی چەند میدیایەکی عەرەبی لە بەرامبەر خەڵکی رۆژئاوای کوردستان کرد و دەڵێن “فیتنە و درۆ بڵاودەکەنەوە و هانی کۆمەڵکوژی دەدەن”.
ئەو کەناڵانەی باسی دەکەن بریتین لە جەزیرە، عەرەبییە و عەرەبیە حەدەس.
بەپێی ئەو بەیاننامە هاوبەشەی بڵاویان کردووەتەوە، کە کاری ئەم کەناڵانە گوتاری رق و کینە و هاندانی مەزهەبی زیاد دەکات، کە بووەتە هۆی هێرشی قڕکردنی سیستەماتیک دژی پێکهاتەکانی گەلانی سوریا.
دەشڵێن “بە توندی رووماڵ و چەواشەکارییەکانی ئەو کەناڵانە و دەزگا فەرمییەکان و کەسایەتییەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا شەرمەزار دەکەین، کە فیتنە و درۆ بڵاودەکەنەوە و راستەوخۆ هانی شەڕ و کۆمەڵکوژی دەدەن، رای گشتی دەخەڵەتێنن و بە ئەنقەست گورز لە فرەڕەنگیی سوریا دەدەن”.
ئەم دوو رێکخراوە رۆژنامەنوسییە، ئەم دەزگایانە بە هاوبەشی شێواندنی رووداوەکان دەبینن، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەو تاوانانەی ئەمڕۆ دژی رۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدرێن، ئەم کەناڵانە دوای ئەوەی دەستیان لە بنەماییترین پێوەرە پیشەییەکان هەڵگرت، پەیماننامەکانی ئیتیکی رۆژنامەوانیان پێشێلکرد و بوونە ئامرازی فیتنە بۆ ئەجێندا سیاسییەکان.
داواش دەکەن، دەستبەجێ گوتاری رق و کینە و هاندان رابگیرێت و پابەندی بێلایەنی بن و ۆژنامەنووسانیش لایەنگری راستی بن و نەبنە هاوبەشی کۆمەڵکوژییەکانی سوریا.