پشتیوانى لە رۆژئاوا

سلێمانى درێژترین کەزى دەهۆنێتەوە و مۆنۆنێنتى کەزى بنیات دەنێت

964+

وریا فەتاح

پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا هێمای “کەزی” بکاتە مۆنۆمێنتێکی نیشتمانیی و هەمیشەیی، وەک گوزارشتێک لە یەکبوونی نەتەوەیی و پشتیوانیکردنی بەرخودانی ڕۆژئاوای کوردستان.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، پشتیوانیی خۆی و پارێزگاکەی بۆ دەستپێشخەریی هونەرمەند “دڵشاد بەهادین” راگەیاند، بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لە شاری سلێمانی بەناوی “مۆنۆمێنتی کەزی، مۆنۆمێنتی شکۆ”. ئەم پڕۆژەیە وەک هێمایەک بۆ رۆژی یەکبوونی نیشتمانی و سەرکەوتنی کوردستان بنیات دەنرێت و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی سلێمانی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پڕۆژەی “درێژترین کەزی” کە لەلایەن هونەرمەند و پەیکەرساز “بەختیار هەڵەبجەیی” و بە هاوکاری “بەرگدرووی مەلەک” ئامادە کراوە، قۆناغێکی نوێ دەبڕێت.

ئەم کەزییە درێژە کە وەک هێمایەکی ناڕەزایەتی و پشتیوانی لە رێپێوانەکانی سلێمانی بۆ رۆژئاوا بەکارهێنرا، بڕیارە وەک “پرچی زێڕینی ئاڵای کوردستان” لە بەردەرکی سەرای سلێمانی جێگیر بکرێت.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوانە پەیامی رێزگرتنن لە خەبات و قوربانییەکانی رۆژئاوای مەزن و نیشاندانی قووڵایی پەیوەندییە نەتەوەییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستانن لە رێگەی هونەر و شکۆوە.

سلێمانى درێژترین کەزى دەهۆنێتەوە و مۆنۆنێنتى کەزى بنیات دەنێت